کەناڵ8 دەرئەنجامى کۆبوونەوەى ئەمڕۆی ئەنجوومەنى وەزیران ئاشکرا دەکات
ئەمڕۆ ئەنجوومەنى وەزیرانى هەرێمى کوردستان کۆبووەوە، بەگوێرەی زانیارییەکان لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاردراوە بە فەرمى داوا لە بەغداد بکرێت لە جیاتى 50 هەزار بەرمیل نەوتى ڕۆژانە 126 هەزار بەرمیل نەوت بداتە هەرێمى کوردستان.
پلانێک بۆ دامەزراندنی سێ یەکەمەکانی زانکۆ و پەیمانگاکان
هەر بەگوێرەى زانیارییەکانى کەناڵ8 کە لە سەرچاوەیەکی ناو ئەنجوومەنی وەزیرانەوە دەستیکەوتووە، بڕیاردراوە پلانێک دابنرێت بۆ دامەزراندنى سێ یەکەمەکانى زانکۆ و پەیمانگەکان و لە پێشینەش بۆ ئەوانەیە کە چەند ساڵێکە دەرچوون و تاوەکو ئێستا دانەمەزراون.
گفتوگۆی چڕ لەسەر بابەتی بەنزین
لە کۆبوونەکەدا گفتوگۆیەکى چڕ لەسەر بابەتى بەنزین کراوە، ئەنجوومەنى وەزیران بڕیاریداوە بەردەوامبێت لە پاڵپشتیکردنى بەنزینى نۆرماڵ بەڵام بازاڕى بەنزینى ئازاد کردووە و دەیەوێت لە ڕێگەى هاوردەکردنەوە بەبڕێکی زۆر، کێبڕکێ بۆ دابەزینى نرخ دروستبکات.
داواکراوە بەغداد بە گوێرەی ژمارەی دانیشتوان مامەڵە لەگەڵ هەرێمی کوردستان
هاوکات داوادەکات بەغداد بەگوێرەى ژمارەى دانیشتوان مامەڵە لەگەڵ هەرێمى کوردستان بکات و ڕەزامەندى بدات لەسەر زیادکردنى پشکى هەرێمى کوردستان لەو نەوتەى بۆ ناوخۆ بەکاردەهێنرێت لە 50 هەزار بەرمیل نەوتى ڕۆژانەوە بۆ 126 هەزار بەرمیل نەوت.
بەردەوامبوونی مووچە لە بەغدادەوە
کەناڵ8 زانیویەتى، لە پرسی مووچەى مووچەخۆران باس لەوەکراوە، بەغداد بەردەوام دەبێت لە ناردنى مووچە بەڵام مانگانە 120 ملیار دینار وەک داهاتى ناوخۆى هەرێمى کوردستان بە مەقاسە دەبڕێت، ئەوەش بارگرانی لەسەر هەرێمی کوردستان دروست دەکات بەو پێیەی داهاتی نانەوتی کەمیکردووە.
2 کاتژمێر پێش ئێستا