وەزیرى بازرگانیى عێراق: هاوبەشیی ستراتیژی لەگەڵ تورکیا دەگۆڕین بۆ دەستکەوتی ئابووری
مستەفا نزار عانى، وەزیرى بازرگانیى عێراق ڕایگەیاند، کاردەکەن بۆ گواستنەوەى هاوبەشیى ستراتیژی لەگەڵ تورکیا بۆ دەستکەوتى ئابووریی.
کۆبوونەوەی هاوبەش لە پەراوێزی سەردانەکەی زەیدی بۆ تورکیا
بەگوێرەى ڕاگەیێنراوى وەزارەتى بازرگانیى عێراق، مستەفا نزار عانى، وەزیرى بازرگانیى عێراق و عومەر پۆڵات، هاوتا تورکییەکەى، لە پەراوێزى سەردانەکەى عەلى زەیدى، سەرۆکوەزیرانى عێراق بۆ ئەنقەرە، کۆبوونەتەوە.
جەختکردنەوە لە پەرەپێدانی پەیوەندییە بازرگانییەکان
وەزارەتى بازرگانى، ئاماژەى بەوەشکردووە، لە کۆبوونەوەکەدا هەردوولا جەختیان لە پابەندبوون بە پەرەپێدانى پەیوەندییە بازرگانی و ئابوورییەکان لەنێوان عێراق و تورکیا کردووەتەوە.
هەوڵدان بۆ بەرزکردنەوەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان هەردوو وڵات
وەزارەتى بازرگانى، ڕوونیشیکردووەتەوە، بەرزکردنەوەى ئاڵوگۆڕی بازرگانى لەنێوان هەردو وڵات بۆ 30 ملیار دۆلار لە داهاتوودا قسەیان لەبارەوە کراوە، لەگەڵ ئەوەشدا پاڵپشتیکردنى پرۆژەى ڕێگەى گەشەپێدان و ئاسانکاریکردن بۆ جووڵەى بازرگانى و گواستنەوە و پەرەپێدانى هاریکارییە گومرگییەکان لەنێوان هەردوولا تاوتوێکراوە.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا، باس لە ئامادەکارییەکان بۆ بەستنى کۆبوونەوەى سێیەمى لیژنەى ئابووریی و بازرگانى هاوبەشى نێوان عێراق-تورکیا بە ناوى (JETCO III)، لە کۆتاییەکانى ئەمساڵ کراوە، کە دەبێتە هۆى پەرەپێدانى زیاترى هاوبەشیى ئابووری و کردنەوەى ئاسۆى فراوانتر لە بەردەم هاریکارییە بازرگانییەکان و وەبەرهێنانى زیاتر لەنێوان هەردوو وڵاتدا.
2 کاتژمێر پێش ئێستا