يەکێتیی ئەورووپا بۆ کەناڵ8: پشتگيری لەو وڵاتانە دەکەين کە لەلايەن ئێرانەوە هێرشيان دەکرێتە سەر
گوتەبێژی يەکێتیی ئەورووپا بە کەناڵ8ـی ڕاگەياند، یەکێتیی ئەورووپا بە نیگەرانییەوە لە پێشهاتەکانی ناوچەکە دەڕوانێت و داوا لە هەموو لایەنەکان دەکات، دان بەخۆياندا بگرن.
داوای جێبەجێکردنی بڕیارنامەی 2817ـی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان
گوتيشی "زۆر گرنگە کە هەموو لايەنەکانی ناوچەکە بڕیارنامەی 2817ـی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان بە تەواوی جێبەجێ بکەن".
پێشتگیری لەو وڵاتانەی کەوتوونەتە بەر هێرشی ئێران
دەشڵێت "یەکێتیی ئەورووپا بە تەواوی پشتگیری لەو وڵاتانە دەکات کە لەلایەن ئێران و بریکارەکانی ئێرانەوە هێرشیان کراوەتە سەر".
سەرکۆنەکردنی هێرشە نوێیەکان بۆسەر وڵاتانی کەنداو
گوتەبێژەکەی يەکێتیی ئەورووپا کە نەيويست ناوی بهێنرێت، باسی لەوەشکرد، بە تووندترین شێوە سەرکۆنەی هێرشە نوێيەکان بۆ سەر وڵاتانی کەنداو و هاوبەشە ناوچەییەکان لەلایەن میلیشیاکانی سەر بە ئێران لە عێراق دەکات.
داوای دانبەخۆدا گرتن لە دەسەڵاتدارانی عێراق
ئاماژەی بەوەشکرد، يەکێتييەکە داوا لە دەسەڵاتدارانی عێراق دەکات، دان بەخۆياندا بگرن و گرژييەکان کەم بکەنەوە.
بەکارهێنانی خاکی عێراق بۆ وەڵامدانەوە و هێرش
دەشڵێت "خاکی عێراق لە هەموو لايەکەوە بۆ هێرش و وەڵامدانەوە بەکارهاتووە، پێويستە هێرشەکانی پەيوەست بە ئێران بۆ سەر ئامانجەکانی لە ناوچەکە و هەرێمی کوردستان دەستبەجێ بوەستێنرێن، چونکە پێشێلکارییەکی قبوڵنەکراوی سەروەریی عێراقە، لەکاتێکدا ناوچەکە بە دۆخی هەڵکشانی گرژييەکاندا تێدەپەڕێت".
1 کاتژمێر پێش ئێستا