ئاگر لە چەندین پارێزگای تورکیا کەوتووەتەوە
لە تورکیا ئاگر لە دارستانەکانی هەریەک لە ئەنتاڵیا، موغڵا، یاڵۆڤا، کوتاهیا، چاناککەلە و باڵکئەسیر کەوتووەتەوە، لە ڕێگەی ئاسمانی و وشکانییەوە هەوڵی کۆنترۆڵکردنی دەدرێت.
لە ڕێگەی ئاسمان و وشکانییەوە هەوڵی کۆنترۆڵکردنی دەدرێت
ئەو ئاگرەی دوێنێ لە دارستانەکانی ناوچەی کاشی ئەنتاڵیا کەوتەوە، لە ڕێگەی ئاسمانی و وشکانییەوە هەوڵی کۆنترۆڵکردنی دەدرێت.
پێکهاتە تیمە زەمینییەکان بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە
لە ڕێگەی 26 ئۆتۆمبێلی گەورەی ئاگرکوژێنەوە، نۆ تانکەر، پێنج ئۆتۆمبێلی فریاکەوتن و 155 کارمەندی تەکنیکی و کارمەندی ئاگرکوژێنەوەوە کارەکانی کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە بەردەوامە. هەر لە بەیانیشەوە هێلیکۆپتەر و فڕۆکەکان لە ئاسمانەوە دەستیان بە پشتیوانیکردنی هەوڵەکان کرد.
هاوکات هەوڵەکان لە ئاسمان و زەوییەوە، بۆ کوژاندنەوەی ئەو ئاگرەی لە دارستانەکانی ناوچەی سەیدیکەمەری موغڵا کەوتبووەوە بەردەوامە.
پێکهاتە تیمە ئاسمانییەکان بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە
پارێزگاری موغڵا ڕایگەیاند، کۆی گشتی 23 ئامێری ئاسمانی کە پێنج فڕۆکە و 18 هێلیکۆپتەرن، لەگەڵ 93 ئۆتۆمبێلی گەورەی ئاگرکوژێنەوە، سێ ئۆتۆمبێلی فریاکەوتن، 24 تانکەری ئاو، هەشت ئەمبوڵانس و 835 کارمەند ئەرکدار کراون.
دەربازکردنی دانیشتوان
ئاماژە بەوەشکراوە، 121 ماڵ چۆڵکراون و دانیشتووانیان دەربازکراون.
ڕیگەی هاتووچۆی ناوچەیەک داخراوە
میدیای تورکیا بڵاویکردەوە، بەهۆی ئاگر و دووکەڵی چڕەوە، ڕێگەی وشکانیی نێوان ئەنتاڵیا-سەیدیکەمەر و فەتحییە-ئەنتاڵیا بەڕووی هاتووچۆدا داخراوە.
توانایەکی فراوانی مرۆیی و تەکنیکی بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە
هاوکات ئیسماعیل ئوستائۆغڵو، پارێزگاری باڵکئەسیر ڕایگەیاند، بە شەش فڕۆکە، پێنج هێلیکۆپتەر، 35 ئۆتۆمبێلی ئاگرکوژێنەوە، 19 تانکەری ئاو و حەوت ئۆتۆمبێلی فریاکەوتن و 320 کارمەندەوە هەوڵی کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکانی پارێزگای باڵکئەسیر دەدرێت.
هاوکات 210 ناوچەی نیشتەجێبوون لە پارێزگاکە وەک ڕێکارێکی خۆپارێزیی چۆڵکراون.
هاوکات ئاگری دارستانەکانی هەریەک لە پارێزگاکانی کوتاهیا، یاڵۆڤا و چاناککالە هێشتا بەردەوامە و کۆنترۆڵ نەکراون.
1 کاتژمێر پێش ئێستا