وەڵامی وەزیری گواستنەوە بۆ ئەو ڤیدیۆیەی کە تێیدا عەلی زەیدی بانگی دەکات

ئارام قەرەداغی 2 کاتژمێر پێش ئێستا
واژۆکردنى یاداشتى لێکتێگەیشتنەکانى نێوان عێراق و تورکیا لە نێوان عەلى زەیدى، سەرۆکوەزیرانى عێراق و ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆمارى تورکیا
واژۆکردنى یاداشتى لێکتێگەیشتنەکانى نێوان عێراق و تورکیا لە نێوان عەلى زەیدى، سەرۆکوەزیرانى عێراق و ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆمارى تورکیا

وەهەب حەسەنی ڕوونکردنەوە لەبارەی ئەو ڤیدیۆیەی کاتی واژۆکردنی ڕێککەوتننامەکانی نێوان عێراق و تورکیا دەدات و ڕایدەگەیێنێت، هیچ لادانێک لە فەرمانی سەرۆکوەزیران نەبووە و تەنیا کێشەیەکی پڕۆتۆکۆڵی بووە.

هەڵەی پرۆتۆکۆڵی نەک لادان لە فەرمان

وەهەب حەسەنى، وەزیرى گواستنەوەى عێراق، ڕایگەیاند، ئەوەى ڕوویدا لە کاتى مەراسیمی واژۆکردنى ڕێککەوتنەکان لەگەڵ لایەنی تورکیا، تەنیا هەڵەیەکی پڕۆتۆکۆڵى و تەکنیکی بووە. ئاماژەی بەوەش کرد، لێکدانەوەى جیاواز و نادروست بۆ ئەو ڕووداوە کراوە، لە کاتێکدا پاش تەواوکردنی هەندێک گۆڕانکاریی پێویست، گرێبەستەکە لەسەر پڕۆژەی "ڕێگەی گەشەپێدان" بە بێ هیچ کێشەیەک واژۆ کراوە.

ڤیدیۆکەی نێوان زەیدی و حەسەنی

لە کاتی واژۆکردنی ڕێککەوتنەکاندا، بە ئامادەبوونی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان و عەلی زەیدی، تۆمارێکى ڤیدیۆیی بڵاوبووەوە، کە تیایدا سەرۆکوەزیران بانگی وەزیری گواستنەوە دەکات و پرسیاری لێ دەکات بۆچی گرێبەستەکەی واژۆ نەکردووە. ئەم تۆمارە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و میدیاکان دەنگدانەوەی زۆری لێکەوتەوە و وا لێکدرایەوە کە وەزیر ڕازی نەبووە بە نێوەڕۆکی ڕێککەوتنەکە.

هۆشداری بۆ دەزگاکانی ڕاگەیاندن

وەزیری گواستنەوە داوای لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن کرد ڕاستگۆیانە هەواڵەکان بگوازنەوە و ئەم بابەتە بۆ مەبەستی دیکە بەکارنەهێنن. وەهەب حەسەنی جەختی کردەوە کە وەک مافێکی یاسایی، سکاڵا لە دژی ئەو میدیایانە تۆمار دەکات کە ئەم پرسەیان بە ئاڕاستەیەکی خراپدا بردووە و ویستوویانە دیمەنێکی نادروست لەسەر پەیوەندیی نێوان سەرۆکوەزیران و وەزیرەکانی نیشان بدەن.

گرنگیی پڕۆژەی ڕێگەی گەشەپێدان

سەرەڕای ئەو کێشە تەکنیکییەی لە کاتی مەراسیمەکەدا دروست بوو، وەزیری گواستنەوە دووپاتی کردەوە کە پڕۆژەی ڕێگەی گەشەپێدان یەکێکە لە پڕۆژە ستراتیژییەکانی نێوان عێراق و تورکیا. واژۆکردنی ئەم گرێبەستە هەنگاوێکی گرنگە بۆ پتەوکردنی پەیوەندییە ئابوورییەکان و گواستنەوەی کاڵاکان لە نێوان هەردوو وڵات و ناوچەکەدا، کە حکومەتی ئێستای عێراق گرنگییەکی زۆری پێ دەدات.

ئارام قەرەداغی

2 کاتژمێر پێش ئێستا