شارەوانیی هەڵەبجە: پێدەچێت لە دوو هەفتەى داهاتوودا ڕەزەمەندى دابەشکردنى زەوی وەربگرین
تاوەکو ئێستا کێشەى دابەشکردنى زەوى لە هەڵەبجە چارەسەرنەکراوە و هەزاران فەرمانبەری پارێزگاکە لە چاوەڕوانیی وەرگرتنی زەویدا ماونەتەوە، شارەوانیی سنوورەکەش دەڵێت: پێدەچێت لە دوو هەفتەى داهاتوودا ڕەزەمەندى دابەشکردنى زەوی وەربگرن.
زەوییەکان بۆ مەبەستى کشتوکاڵى بەکاردەهێنرێن
فەرحان عیزەت، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەڵەبجە بە کەناڵ8ـى ڕایگەیاند، پڕۆسەی دابەشکردنی زەوی لە سنووری پارێزگاکە تووشی گرفت بووە و هۆکاری سەرەکی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ئەو زەوییانەی بۆ دابەشکردن دەستنیشانکراون، ئێستا لەلایەن خەڵکەوە بۆ مەبەستی کشتوکاڵی بەکاردەهێنرێن.
کەى ڕەزامەندى لەسەر دەدرێت؟
ئاماژەى بەوەشکرد، پێدەچێت لە ماوەى دوو هەفتەى داهاتوودا ڕەزەمەندى بدرێت لەسەر ئەو زەوییە کشتوکاڵییانەى کە نێردراون بۆ شارەوانییەکان بۆ ئەوەى بەسەر فەرمانبەراندا دابەشبکرێن.
خاوەن زەوییەکان ئامادەنین زەوییەکان بدەنە شارەوانى
ئەوە لە کاتێکدایە، بەهۆی کێشەی یاسایی لەگەڵ بەکارهێنەرانی زەوییە کشتوکاڵییەکان و نەبوونی بودجە بۆ قەرەبووکردنەوەیان، پڕۆسەکە پەکى کەوتووە، چونکە ئەو کەسانە ئامادە نین زەوییەکان ڕادەستی شارەوانی بکەنەوە و داوای قەرەبووی دارایی دەکەن، لە بەرامبەردا حکومەتى کاربەڕێکەر لەم کاتەدا توانای دابینکردنی ئەو قەرەبووەی نییە.
بۆ یەکەمجار لە بیارە دابەشکرا
لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە، تەنیا لە شارەدێی بیارە زەوی دابەشکراوە، کە تێیدا 60 پارچە زەوی بەسەر فەرمانبەراندا دابەشکرا، ئەوەش بە یەکەم هەنگاو لە مێژووی ناوچەکەدا هەژمار دەکرێت، بەهۆی هەڵکەوتەی جوگرافی و شاخاویی بیارە، ڕووبەری هەر پارچە زەوییەک بە 150 مەتر دیاریکراوە تاوەکو زۆرترین کەس سوودمەند بن، لە کاتێکدا لە ناوچەکانی دیکەی هەرێمى کوردستان ڕووبەری زەوییەکان 200 مەترە.
ئامارى ئەو کەسانەى شایستەى وەرگرتنى زەوین
بە گوێرەی ئامارەکانی شارەوانیی هەڵەبجە، نزیکەی 10,000 فەرمانبەر فۆڕمی وەرگرتنی زەوییان پڕکردووەتەوە، دوای ئەنجامدانی وردبینی، دەرکەوتووە، نزیکەی 8,000 فەرمانبەر مەرجەکانیان تێدایە و مافی وەرگرتنی زەوییان هەیە. تاوەکو ئێستا لە سنووری پارێزگاکە تەنیا 570 پارچە زەوی لە دوو قۆناغدا دابەشکراون، ئەوانەشی کە ماونەتەوە بەهۆی چارەسەرنەبوونی کێشەی زەوییەکانەوە لە چاوەڕوانیدا ماونەتەوە.
2 کاتژمێر پێش ئێستا