ڕۆژانە 140گەشت؛ فڕۆکەخانەی نەجەف ئامادەکاری بۆ پێشوازی لە زیارەتکاران دەکات

کیژان مەحمود 1 کاتژمێر پێش ئێستا
فڕۆکەخانەى نەجەف
فڕۆکەخانەى نەجەف

فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی نەجەف، بەوپەڕی توانایەوە پێشوازی لە زیارەتکارانی چلەی ئیمام حوسێن دەکات و ئامادەکارییە تەکنیکی و کارگێڕییەکان بۆ ئاسانکاریی هاتوچۆی ملیۆنان گەشتیار گەیشتوونەتە قۆناغی کۆتایی.

زیادبوونی ژمارەی گەشتە ڕۆژانەکان

عەمید هادی خاقانی، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی باری کەسی و پاسپۆرت لە فڕۆکەخانەی نەجەف ئاشکرای کرد، لە سەرەتای مانگی تەممووزەوە تاوەکو ئێستا قەبارەی گەشتەکانی چوون و هاتن زیادی کردووە و گەیشتووەتە 140 گەشتی ڕۆژانە. ئەم زیادبوونە وەک بەشێک لە ئامادەکارییەکان دەبینرێت بۆ وەرزی زیارەتی چلەی ئیمام حوسێن کە تێیدا فڕۆکەخانەکە دەبێتە یەکێک لە قەرەباڵغترین ڕێڕەوە ئاسمانییەکانی عێراق.

ئامادەباشیی تیمەکانی فڕۆکەخانە

بەرپرسانی فڕۆکەخانەی نەجەف جەخت لەوە دەکەنەوە کە سەرجەم ڕێکارەکان بۆ پێشوازی لە زیارەتکاران ئاسان کراون. تیمەکانی بەڕێوەبردنی فڕۆکەخانە و کارمەندانی پاسپۆرت و نشینگە خراونەتە حاڵەتی ئامادەباشیی تەواوەوە بۆ ئەوەی ڕێگری لە هەر جۆرە جەنجاڵییەک بگرن و خزمەتگوزارییەکان بە خێرایی پێشکەش بە گەشتیارە بیانی و ناوخۆییەکان بکەن.

ئامارەکانی مانگی سەفەر و ژمارەی گەشتیاران

حەورا حەکیم، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی باری کەسی و پاسپۆرت لە پارێزگای نەجەف، ئامارێکی وردی لەسەر جووڵەی گەشتیاران بڵاوکردەوە. بەپێی داتاکان، لە ڕۆژی 26ـی ئەم مانگەوە کە سەرەتای مانگی سەفەرە، کۆی گشتیی 525 گەشت لە فڕۆکەخانەکە ئەنجامدراون. لەو ماوەیەدا 59,800 کەس گەشتی هاتنیان بۆ عێراق کردووە و 49,950 کەسیش لە فڕۆکەخانەکەوە گەشتی چوونە دەرەوەیان ئەنجامداوە، کە بە تێکڕا دەکاتە زیاتر لە 109,000 گەشتیار لە تەنیا 5 ڕۆژدا.

وەرگرتنی ڤیزای ئەلیکترۆنی

لە بەشێکی دیکەی ئامارەکاندا ئاماژە بە پەرەپێدانی سیستەمی ئەلیکترۆنی کراوە بۆ پێدانی ڤیزا. لە سەرەتای مانگی سەفەرەوە تاوەکو ئێستا، 10,509 زیارەتکار و گەشتیار لە ڕێگەی سیستەمی ئەلیکترۆنییەوە ڤیزایان وەرگرتووە، ئەمەش کار ئاسانییەکی گەورەی کردووە بۆ کەمکردنەوەی فشار لەسەر دەروازەکانی فڕۆکەخانە و خێراکردنی پڕۆسەی وردبینی لە بەڵگەنامەکاندا.

کیژان مەحمود

1 کاتژمێر پێش ئێستا