کەشناسی عێراق: لە سەرەتای مانگی ئابەوە شەپۆلێکی گەرما ڕوو لە عێراق دەکات
دەستەی کەشناسی عێراق، ڕایگەیاند، لە سەرەتای مانگی ئابەوە شەپۆلێکی گەرما ڕوو لە وڵات دەکات و بۆ ماوەی چەند رۆژێک بەردەوام دەبێت.
کەشوهەواى ئەمڕۆ و سبەى
دەستەی کەشناسی عێراق، پێشبینی خۆی بۆ کەشی چەند ڕۆژی داهاتوو بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، سبەی لەسەرتاسەری عێراق ئاسمان ساماڵە و کەمێک هەور لە ئاسماندا بەدی دەکرێت و پلەکانی گەرما نزیک دەبێت لە تۆمارکراوەکانی ئەمڕۆ کە پلەکانی گەرما لە زۆربەی پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشوور لە نێوان 47 بۆ 49 پلەدان.
پلەکانى گەرما بە بەرزى دەمێنێتەوە
بە گوێرەی کەشناسی سبەی هەینی، کەش هاوشێوەی ئەمڕۆ دەبێت و پلەکانی گەرما بە بەرزی دەمێنێتەوە و هەشت شار پلەی گەرمی 48 پلەیە، پێنج شاری عێراقیش 49 پلەی سیلیزی دەبێت و زیقاریش بەرزترین پلە دەبێت کە 50 پلە، هەرچی سلێمانی و دهۆکە پلەکانیان کەمترە لە نێوان 44 بۆ 45 پلە دەبێت.
هەروەها، دەستەی کەشناسی عێراق، لە نوێترین ڕاپۆرتی خۆیدا ئاماژەی بەوە کردووە، لە ڕۆژی شەممە واتە یەکی ئاب، وڵات کاریگەر دەبێت بە شەپۆلێکی گەرما و بۆ ماوەی چەند ڕۆژێک بەردەوامی دەبێت.
گەرما دەگاتە نیوەى پلەى کوڵان
ئاماژە بەوەشکراوە، ئەم شەپۆلە گەرمایە لە ئەنجامی کاریگەربوونە بە بەرزی پلەکانی گەرماى چینەکانی سەرەوەی بەرگەهەوا، کە دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی بەرچاوی پلەکانی گەرما و لە سەرتاسەری وڵات پلەکانی گەرما بەرزدەبێتەوە و بە گوێرەی پێشبینییەکان لە هەندێک لە ناوچەکانی باشووری عێراق پلەی گەرمی 50 کە پلەی نیوە کوڵانە تێدەپەڕێنێت.

2 کاتژمێر پێش ئێستا