ئەمریکا چەند شارێکی ئێرانی بە ئامانجگرت
بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە، جارێکی دیکە ئەمریکا هێرشی سەربازیی کردەوە سەر چەند شارێکی ڕۆژئاوای ئێران و میدیای وڵاتەکەش دەڵێت، "لە هێرشەکاندا کوژرا و بریندار هەیە".
چوار ناوچە و پارێزگا کراونەتە ئامانج
بە گوێرەی میدیای ئێرانی، لە هێرشەکانی بەرەبەیانی ئەمڕۆدا، ئەمریکا زۆربەی ناوچەکانی پارێزگای هوورمزگان، خوزستان، فارس و بووشەهری کردووەتە ئامانج.
میدیای ئێران: ئەمریکا شوێنی نیشتەجێبوونی بە ئامانجگرتووە
زانکۆی زانستە پزیشکییەکانی پارێزگای هوورمزگان بڵاویکردەوە، لە هێرشەکاندا شوێنی نیشتەجێبوونی سڤیل کراوەتە ئامانج و بەو هۆیەوە لە قشم سێ ئەندامی خێزانێک کە دایک و باوک و منداڵێکی دوو ساڵەن گیانیان لە دەستداوە و دوو منداڵی حەوت و نۆساڵی هەمان خێزانیش برینداربوون.
زیانەکان ئاشکرا نەکراون
میدیای ئێران باسی لەوەشکردووە، لە کاتی هێرشەکاندا دەنگی چەندین تەقینەوەی بەهێز لە شارە گەورەکان بیستراوە و تاوەکو ئێستا ڕادەی زیانەکان دیار نیین.
بۆردوومانکردنى پیرانشار
ئەوەش لە کاتێکدایە، درەنگانی دوێنێ چوارشەممە ئەمریکا بۆ جارێکی دیکە چەند پێگەیەکى لە پیرانشاری پارێزگای ورمێ بۆردوومان کرد و میدیا خۆجێییەکانی پارێزگاکەش بڵاویانکردەوە، هێرشەکە زیانی گیانی نەبووە.
بەردەوامیی گرژییە سەربازییەکانی ئێران و ئەمریکا لە کاتێکدایە، لە دواین لێدوانیدا، مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران ڕایگەیاند، هەرگیز سازش لەسەر مافەکانیان ناکەن.
2 کاتژمێر پێش ئێستا