چەند زانیارییەک لەسەر حاڵەتی میزڕانەگرتن لە پیاوان و خانماندا
د. هەڵۆ مستەفا ئۆرمزیار، پزیشکی پسپۆڕی نەخۆشییەکانی گورچیلە و میزەڕۆ، چەند زانیارییەک سەبارەت بە حاڵەتی میزڕانەگرتن لە پیاوان و خانماندا دەخاتەڕوو.
حاڵەتی میزڕانەگرتن لە پیاوان و خانماندا
میزڕانەگرتن واتە نەتوانینی کۆنترۆڵکردنی میزەڵدان، کێشەیەکی تەندروستیی باوە کە کاریگەریی ڕاستەوخۆ دەکاتە سەر کوالێتیی ژیانی ڕۆژانەی کەسەکە، ئەم حاڵەتە نەخۆشییەکی سەربەخۆ نییە، بەڵکو نیشانەیە بۆ بوونی کێشەیەک لە کۆئەندامی میزەڕۆدا کە پێویستی بە دەستنیشانکردن و چارەسەر هەیە.
جۆرە سەرەکییەکانی میزڕانەگرتن چین؟
باوترین جۆرە سەرەکییەکانی میزڕانەگرتن بریتین لە:
- دزەکردنی میز بەهۆی فشارەوە: میزڕانەگرتن لە کاتی کۆکین، پژمین، پێکەنین یان بەرزکردنەوەی شتوومەکی قورس
- هەستکردن بە پێویستییەکی لەناکاو و و زۆر بەهێز بۆ میزکردن، بە شێوەیەک کە کەسەکە فریا ناکەوێت بگاتە تەوالێت
- سەرڕێژکردنی میز: میزەڵدان بە تەواوی بەتاڵ نابێتەوە، ئەمەش دەبێتەهۆی دڵۆپە دڵۆپەکردنی بەردەوامی میز لە دوای میزکردن
جیاوازیی هۆکارەکانی دروستبوونی حاڵەتی میزڕانەگرتن لە نێوان خانمان و پیاواندا
تەمەن، جیاوازیی پێکهاتەی جەستە و ئاستی هۆڕمۆنەکان، وادەکەن هۆکارەکانی دروستبوونی حاڵەتی میزڕانەگرتن لە نێوان نێر و مێدا جیاواز بن:
لای خانمان:
- دووگیانی و منداڵبوون: فشارلەسەر ماسولکەکانی حەوز دروست دەبێت
- تەمەنی لێچوونەوە لە سووڕی مانگانە: کەمبوونەوەی ئاستی هۆڕمۆنی ئێسترۆجین دەبێتەهۆی لاوازبوونی شانەکانی میزەڵدان و دەرچەی میز
- نەشتەرگەرییەکانی حەوز: وەک دەرهێنانی منداڵدان کە ڕەنگە زیان بە ماسولکەکانی میزەڵدان بگەیەنێت
لای پیاوان:
کێشەکانی ڕژێنی پرۆستات: گەورەبوونی پرۆستاتی بێوەی ڕێڕەوی میز دەگرێت و دەبێتەهۆی کۆبوونەوە و دزەکردنی میز
چارەسەرە باوەکانی ڕانەگرتنی میز لە پیاوان و خانماندا چین؟
باوترین چارەسەرەکانی میزڕانەگرتن لە خانمان و پیاواندا بریتین لە:
- گۆڕینی شێوازی ژیان: کەمکردنەوەی خواردنەوەی کافایین و خواردنەوە کحولییەکان، ڕێکخستنی کاتەکانی ئاوخواردنەوە و دابەزاندنی کێشی زیادەی جەستە
- ئەنجامدانی وەرزش بۆ بەهێزکردنی ماسولکەکانی حەوز
- بەکارهێنانی دەرمانی گونجاو لە ژێر چاودێریی پزیشکی پسپۆڕدا بۆ هێورکردنەوەی حاڵەتی میزەڵدانی چالاک یان کەمکردنەوەی گرژییەکانی ڕژێنی پرۆستات لە پیاواندا
- نەشتەرگەری و تەکنیکە نوێیەکان: لە حاڵەتە توندەکانی ڕانەگرتنی میزدا، پزیشکی پسپۆڕ پەنا دەباتە بەر ئەنجامدانی نەشتەرگەریی بچووک یان بەکارهێنانی دەرزی تایبەت بۆ بەهێزکردنی دەرچەی میزەڵدان
2 کاتژمێر پێش ئێستا