گۆشتی سوور %61 گران بووە؛ نوێترین ئاماری بازاڕەکانی هەرێم
داتاکانی بەڕێوەبەرایەتیی چاودێریی بازرگانیی سلێمانی دەریدەخەن کە نرخی گۆشتی سوور گۆڕانکارییەکی گەورەی بەسەردا هاتووە و لە 16,000 دینارەوە بۆ نزیکەی 26,000 دینار هەڵکشاوە، ئەمەش وایکردووە ئەم ماددە خۆراکییە لە سەبەتەی زۆرێک لە خێزانەکاندا کەم ببێتەوە.
بەراوردی نرخەکان لە نێوان 2021 و 2026
بەپێی بەدواداچوونەکانی کەناڵ 8 کە لە چاودێریی بازرگانیی سلێمانی وەریگرتووە، لە مانگی 7ـی ساڵی 2021دا، نرخی یەک کیلۆگرام گۆشتی بەرخ 16,000 دینار بووە. بەڵام لە ساڵی 2026دا هەمان بڕ گۆشت گەیشتووەتە 25,000 بۆ 26,000 دینار. ئەمەش دەریدەخات کە لە ماوەی تەنیا 5 ساڵدا نرخەکان بە ڕێژەی 61% زیادیان کردووە.
نرخی ئاژەڵی زیندوو لە مەیدانەکاندا
بەرزبوونەوەکە تەنیا لە دوکانەکاندا نییە، بەڵکو لە مەیدانی ئاژەڵانیش ڕەنگی داوەتەوە. هەر کیلۆیەک ئاژەڵی "زیندەقەپان" لە ماوەی ساڵێکدا لە 8,000 دینارەوە بۆ زیاتر لە 10,000 دینار بەرزبووەتەوە. ناسر چنگیانی، وەک هاونیشتمانییەک ئاماژە بەوە دەکات کە ئەم بەرزبوونەوەیە ڕاستەوخۆ باری دارایی هاووڵاتییانی قورس کردووە و ناچارن بە بڕە پارەیەکی زۆرتر، بڕێکی کەمتر گۆشت بکڕن.
هۆکارەکانی گرانبوونی گۆشت
ئاسۆ عومەر، نوێنەری گۆشتفرۆشانی سلێمانی، چەند هۆکارێکی سەرەکی بۆ ئەم گرانبوونە دیاری دەکات. گرنگترینیان بریتین لە: بوونی ئاستەنگ لە هاوردەکردنی ئاژەڵ لە دەروازە سنوورییەکان، وەرگرتنی گومرگ و باج لە بازگەکانی ناوخۆ، لەگەڵ زیادبوونی تێچووی بەخێوکردنی ئاژەڵ (وەک ئالیک و دەرمان) لەلایەن ئاژەڵدارانەوە.
ئاستی بەرهەمهێنان و پێداویستیی ناوخۆ
دیار جەمال، سەرۆکی هۆبەی چاودێری و پشکنین لە چاودێریی بازرگانیی سلێمانی ئاشکرای دەکات، هەرێمی کوردستان هێشتا نەیتوانیوە نیوەی پێداویستییەکانی گۆشتی سوور لە ناوخۆدا دابین بکات. پێداویستیی ساڵانەی هەرێم 88,000 تۆن گۆشتە، کە 40,000 تۆنی لە ڕێگەی هاوردەکردنەوە لە وڵاتانی دەرەوە دابین دەکرێت. تیمی چاودێریی بازرگانی جەخت دەکەنەوە کە لە چاودێریکردنی بازاڕ بەردەوام دەبن بۆ ڕێگریکردن لە گرانبوونی نایاسایی نرخەکان.
3 کاتژمێر پێش ئێستا