مێسی گەڕایەوە بۆ ڕاهێنانەکانی ئینتەر مەیامی
لێۆنێل مێسی گەڕایەوە بۆ ڕاهێنانەکانی یانەی ئینتەر مەیامی ئەمریکی، ئەوەش دوای تێپەڕبوونی دە ڕۆژ بەسەر شکستەکەی لە یاری کۆتایی مۆندیال لەگەڵ هەڵبژاردەی ئەرجەنتین بەرامبەر ئیسپانیا.
لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا کە یانە ئەمریکییەکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوی کردووەتەوە، ئەستێرە ئەرجنتینییەکە دەردەکەوێت کاتێک شانبەشانی لویس سوارێزی هاوڕێی و یاریزانی یانەکە دەچێتە ناو یاریگای ڕاهێنانەکانەوە.
لە دوای ئەو شکستەی یاریی کۆتایی مۆندیال لە 19ی تەممووز لە نیوجێرسی ڕوویدا، مێسی کاتی پشووەکانی لەگەڵ خێزانەکەی لە شارۆچکەی ڕۆزاریۆی ئەرجەنتین بەسەر برد.
کاپتنەکەی هەڵبژاردەی ئەرجنتین ڕۆژێک دوای یاری کۆتایی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان نووسیبووی: ئازارەکە زۆر قورسە و زەحمەتە ئەم برینە زوو سارێژ بێت، بەڵام سەرجەم لایەنە ئەرێنییەکان دەپارێزم."
لە کاتی پشووەکانی مێسی پاش کۆتایی هاتنی مۆندیال، گیێرمۆ هۆیۆسی ڕاهێنەری ئینتەر مەیامی، کە هاوڕێ و هاونیشتمانییەکی کۆنییەتی ڕایگەیاندبوو، کە هێشتا هیچ کاتێکی دیاریکراو نییە بۆ گەڕانەوەی مێسی یان رودریگۆ دی پاولی هاوڕێی لە یانە و هەڵبژاردەکەدا.
2 کاتژمێر پێش ئێستا