موقتەدا سەدر جارێکى دیکە گرووپە چەکدارەکان تۆمەتبار دەکات
موقتەدا سەدر، ڕێبەری ڕەوتی نیشتمانیی شیعە، جارێکى دیکە کردەوەى گرووپە چەکدارەکان بە هۆکار دەزانێت بۆ کوژرانى ئەندامەکانى حەشدى شەعبى و دەڵێت بەرپرسەکانیان "لە ئیسراحەتدان و خەریکى بازرگانین".
هۆکارەکانى کوژرانى ئەندامانى حەشدى شەعبى ئاشکراکرا
موقتەدا سەدر، لە پەیامێکدا لە تۆڕی ئێکس، کردەوەی گرووپە چەکدارە بێشەرمەکان و کۆنەکردنەوەى چەک لە دەستی دەوڵەت، هۆکارە بۆ کوژرانی ناڕەوای ئەندامانی حەشدی شەعبی و هێزە ئەمنییەکان.
— مقتدى السيد محمد الصدر (@Mu_AlSadr) July 30, 2026
سەدر: سەرکردەکانى حەشد چێژ لە ئیسراحەت و بازرگانى وەردەگرن
سەدر دەڵێت "لەم چوارچێوەیەدا گەورەکانیان چێژ لە ئاسایش و ئیسراحەت و بازرگانی وەردەگرن". مەبەستى بەرپرس و فەرماندە باڵاکانى گرووپە چەکدارەکانە، سەدر بە گرووپە چەکدارەکان دەڵێت "بەسە کردەوەی تاکەکەسی و ناعەقڵانی".
پەیامى سەدر بۆ کەسوکارى کوژراوەکان
سەدر، سەرەخۆشی لە کەسوکاری ئەندامانی کوژراو و برینداری حەشدی شەعبی کردووە، بەڵام جەختدەکاتەوە سەرەخۆشی لەو کەسانە ناکات کە کردەوەکانیان هۆکار بووە بۆ مردن و کوژرانیان.
کەمتر لە 24 کاتژمێر 2 ڕاگەیێنراو
ئەمە دووەم ڕاگەیێنراوى موقتەدا سەدرە لە دواى هێرشە هاوبەشەکەى سعودیە و ئەمریکا بۆ سەر گرووپەکانى حەشدى شەعبى.
دوێنێ 29ـى تەمموز، لە ڕاگەیێنراوى یەکەمدا سەدر گوتى "من لە کاتێکدا سەرکۆنەی بەئامانجگرتنی خاکی پیرۆزی عێراق دەکەم لەلایەن هەر دەوڵەت و لایەنێک لە هەمان کاتدا سەرکۆنەی کاری میلیشیا بێشەرمەکان دەکەم بۆ تێوەگلانی عێراق لە جەنگ و کوشتن".
هێرشەکان و کاردانەوەى هێرشى سەر دامەزراوە نەوتییەکانى سعودییە
هێرشەکەى سعودیە و ئەمریکا لە کاردانەوەى هێرشى سەر دامەزراوە نەوتییەکانى سعودیە بوو، بەهۆی هێرشەکەوە بەگوێرەی ئاماری فەرمی حەشدی شەعبی، لانیکەم 20 ئەندامیان کوژراوە و 32 ئەندامی دیکەشیان برینداربوون.
کاردانەوەکان
هێرشەکە کاردانەوەی ناوخۆیی زۆری لێکەوتووەتەوە و سەردانەکەی عەلی زەیدی بۆ ڕیاز کە بڕیار بوو ئەمڕۆ بێت، هەڵوەشایەوە.
1 کاتژمێر پێش ئێستا