محەممەد حەلبووسى گەیشتە هەولێر
محەممەد حەلبووسى، سەرۆکى حیزبى تەقەدووم، بە سەردانێکى فەرمى گەیشتە شارى هەولێر و بڕیارە لەگەڵ بەرپرسانی پارتی کۆببێتەوە.
دیدارەکانى حەلبووسى لە هەولێر
پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ 30ـی تەمموز، کاتژمێر 11 و 40 خولەک، محەممەد حەلبووسى بە سەردانێکى فەرمى گەیشتە شارى هەولێر و لەلایەن شاندێکی مەکتەب سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە پێشوازی لێکرا.
حەلبووسی و شاندی یاوەری لەلایەن هۆشیار زیباری، فەرهاد ئەتروشی، ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان و پشتیوان سادق وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی و ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر پێشوازی لێکرا.
ئامانجى سەردانەکە
بڕیارە حەلبووسی لەگەڵ سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان دۆسییە سیاسیی و ئەمنییەکان یەکلا بکەنەوە و بەگوێرەی زانیارییەکانی کەناڵ8، بڕیارە حەلبووسی لەگەڵ مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان و جێگرەکانی کۆببێتەوە. لەم دیدارەدا، هەردوولا جەخت لەسەر ئاساییکردنەوەی تەواوەتیی پەیوەندییە حیزبییەکان و هەماهەنگیی زیاتر لە نێوان هەولێر و نوێنەرانی تەقەدووم لە بەغداد دەکەنەوە.
تەواوکردنی کابینە وەزارییەکەی عەلی زەیدی یەکێک دەبێت لە تەوەرە سەرەکییەکانی کۆبوونەوەکە. هەروەها دۆخی سیاسی و ئەمنی ئێستای عێراق، بەتایبەت لە دوای پەرەسەندنە ئەمنییەکانی ئەم دواییە، بە وردی تاوتوێ دەکرێن. هەردوولا دەیانەوێت بگەنە لێکتێگەیشتنێکی هاوبەش بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ پێشهاتە نێودەوڵەتی و هەرێمییەکان.
3 کاتژمێر پێش ئێستا