حوسييەکان ئامادەبوونی سەربازييان لە خاکی عێراقدا پشتڕاستکردەوە

رۆزا حیسام 2 کاتژمێر پێش ئێستا
محەممەد خالید عياشی فەرماندەی کوژراوى ئەو گرووپەکەى حوسییەکان کە لە عێراقن
محەممەد خالید عياشی فەرماندەی کوژراوى ئەو گرووپەکەى حوسییەکان کە لە عێراقن

حوسييەکانی يەمەن ڕايانگەياند، ئەندامێکيان لە هێرشەکانی ئەمريکا و سعوديەدا بۆ سەر گرووپە چەکدارەکان لە عێراق کوژراوە، بەوەش دانيان بە ئامادەبوونی سەربازی خۆیاندا نا.

چەکدارێکی حوسييەکان لە هێرشەکانی سەر عێراقدا کوژراوە

حوسييەکان کوژرانی محەممەد خالید عياشی فەرماندەی گرووپەکەيانى پشتڕاستکردەوە و ڕايانگەیاند، عياشی لەگەڵ چوار ڕاوێژکاری سوپای پاسداراندا کوژراوە، کە دوێنێ تەرمەکانيان گەڕێندرايەوە بۆ تاران.

بەڵگەکان ئاشکران

ئەو پشتڕاستکردنەوەی حوسييەکان وەک بەڵگەی حاشاهەڵنەگر لێکدەدرێتەوە، لەسەر هەبوونی ئۆپراسيۆنی هاوبەشی نێوان حوسييەکان و گرووپە چەکدارەکانی عێراق لەژێر چاودێری ڕاستەوخۆی تاراندا.

يەمەن مۆنيتەر: بەشێک لە هێرشەکانی عێراق لەلايەن حوسييەکانەوە کراون

پێگەی يەمەن مۆنيتەر ڕايگەياندووە، ئێستا ئامادەبوونی حوسييەکان لە عێراق تەنيا لە چوارچێوەی نوێنەرايەتی سياسی و ديپلۆماسيدا نييە، بەڵکو گۆڕاوە بۆ هەماهەنگی سەربازی.

حوسییەکان سەرپەرشتى هێرشەکانیان کردووە

ماڵپەڕەکە لە زاری سەرچاوەکانەوە بڵاویکردووەتەوە، لە دوای دەستپێکردنی شەڕەوە لە مانگی شوباتی ئەمساڵ هەندێک هێرش کە لە عێراقەوە کراوە لەلایەن حوسییەکانەوە ئەنجامدراوە و شارەزایانی ئەو گرووپە سەرپەرشتی هێرشەکانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەکەکانیان کردووە.

حوسييەکان لە چوارچێوەی هەماهەنگی لەگەڵ بەرەی مقاوەمە لە عێراقدان

سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوەشکردووە، زۆرينەی حوسييەکان لە چوارچێوەی هاوپەيمانييەک بۆ يەکگرتن و گواستنەوەی زانياری لەناو بەرەی مقاوەمەدا لە خاکی عێراقدان، ئەرکيان دروستکردن و پێدانی مەشق و ڕاهێنانە لەسەر بەکارهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەک.

حوسییەکان درۆنەکانیان هەڵداوە

هەر بەگوێرەی زانيارييەکان، فەرمانی هێرشەکان لەلايە لايەنەکانی عێراقەوە کراوە، بەڵام پڕۆسەی هەڵدانەکان لەلايەن حوسييەکان و بە ڕاوێژ لەگەڵ ئەوان کراوە.

لە کەیەوە حوسییەکان لە عێراقن؟

مێژووی چالاکیی حوسییەکان لە عێراق لە ساڵی 2026دا دەست پێناکات، بەڵکو ساڵی 2016 شاندێکی سەر بەو گرووپە بە ئاشکرا لە عێراق دەرکەوتن و کۆبوونەوەيان لەگەڵ لايەنەکانی بەرەی مقاوەمە کرد، تەنانەت لە ساڵی 2024دا بارەگايەکی فەرمييان لە گەڕەکی جادريە لە بەغدا لە نزيک ناوچەی سەوز کردەوە.

رۆزا حیسام

2 کاتژمێر پێش ئێستا