سوپای پاسداران هەڕەشە لە چەند وڵاتێک دەکات
سوپای پاسدارانی ئێران، هەڕەشە لە وڵاتانی ناوچەکە دەکات لە ئەگەری دەستتێوەردانیان لە هێرشەکانی سەر وڵاتەکەی و دەشڵێت، "شەوی ڕابردوو ڕێگرییان لە تێپەڕبوونی دوو کەشتیی نەوتهەڵگر لە گەرووی هوورمز کردووە".
جەنگەکە خەریکە فراوان دەبێت
لە ڕاگەیێنراوێکدا سوپای پاسداران ئاشکرایکرد، "ئەو وڵاتانەی بەشدارن لە هاوکاری ئەمریکا و دەستدرێژییەکانی سەر ئێران ئەگەر بە ڕەفتارەکانیان نەچنەوە وەڵامی توند وەردەگرن".
پێشێلکارى لە بڕیارى ئێران لە گەرووى هوورمز
پاسداران دەشڵێت "شەوی ڕابردوو دوو کەشتی نەوتهەڵگر ویستوویان بەشێوەی نایاسایی بە باشووری گەرووی هوورمزدا تێپەڕن، بەڵام دوای بە ئامانجگرتنی یەکێکان بە ناچاری هەردووکیان پاشەکشەیان کردووە".
دەستتێوەردان لە گەرووى هوورمز
سوپای پاسداران ڕاشیگەیاندووە، "هیچ بێگانەیەک ناتوانێت لە دووری هەزاران کیلۆمەتر دەستتێوەردان لە گەرووی هوورمز بکات. دەشڵێت، گەرووەکە کاتێک دەکرێتەوە کە هەڕەشە و دەستتێوەردانەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە نەمێنێت".
2 کاتژمێر پێش ئێستا