کەشناسیی عێراق: پلەکانی گەرما لە مانگی ئابدا 50 پلەی سیلیزی تێدەپەڕێنن
عێراق و هەرێمی کوردستان بەرەو گەرمایەکی توند هەنگاو دەنێن و دەستەی کەشناسی هۆشداری دەدات کە لە سەرەتای مانگی داهاتووەوە شەپۆلێکی گەرما ناوچەکە دەگرێتەوە کە پلەکانی گەرما دەگەیەنێتە لووتکە.
کەشوهەوای سبەی و پلەکانی گەرما
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 30ی تەممووزی 2026، دەستەی کەشناسیی عێراق پێشبینییەکانی بۆ کەشوهەوای چەند ڕۆژی داهاتوو بڵاوکردەوە. بەپێی پێشبینییەکان، سبەی هەینی لە سەرتاسەری وڵات ئاسمان ساماڵ دەبێت و کەمێک هەور لە ئاسماندا دەردەکەوێت. پلەکانی گەرما هاوشێوەی ئەمڕۆ بە بەرزی دەمێننەوە و لە نێوان 47 بۆ 49 پلەی سیلیزیدا دەبن.
پارێزگای زیقار لە لووتکەی گەرمادایە
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکەی کەشناسی، سبەی هەینی لە 8 شاری عێراق پلەی گەرما دەگاتە 48 پلە و لە 5 شاری دیکەش دەگاتە 49 پلە. بەڵام پارێزگای زیقار بەرزترین پلەی گەرما لەسەر ئاستی وڵات تۆمار دەکات، کە پێشبینی دەکرێت بگاتە 50 پلەی سیلیزی.
شەپۆلێکی توندتر لە مانگی ئابدا
دەستەی کەشناسیی عێراق ئاماژەی بەوە کردووە، لەگەڵ دەستپێکردنی مانگی ئاب، شەپۆلێکی توندی گەرما ڕوو لە ناوچەکە دەکات و بۆ ماوەی چەند ڕۆژێک بەردەوام دەبێت. پێشبینیش دەکرێت لەو ماوەیەدا پلەکانی گەرما لە زۆربەی ناوچەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان 50 پلەی سیلیزی تێپەڕێنن، ئەمەش وەک یەکێک لە گەرمترین شەپۆلەکانی ئەمساڵ هەژمار دەکرێت.
3 کاتژمێر پێش ئێستا