داواکاری گشتیی ئامەد دۆسیەیەکی دژی شێخ سەعیدی پیران ڕەتکردەوە
داواکاری گشتیی ئامەد ڕەتیدەکاتەوە، ستایشکردن و پیاهەڵدان بە شۆڕشگێڕی کورد، شێخ سەعیدی پیران وەک تاوان تەماشا بکرێت و لێکۆڵینەوەی لەسەر بکرێت.
ڕۆژى 29ـى حوزەیران چى ڕوویدا؟
ڕۆژی 29ـی حوزەیران، لە شاری ئامەد، یادی شەهیدکردنی شۆڕشگێری کورد، شێخ سەعیدی پیران و هاوڕێکانی کرایەوە و لە یادەکەدا، فاروق دینچ، پەرلەمانتاری هوداپار، ستایشی شێخ سەعیدی کرد و ڕەخنەی توندی لە سیاسەتی سەردەمی مستەفا کەمال ئەتاتورک، دامەزرێنەری کۆماری تورکیا گرت.
سکاڵاکە تۆمارکرا
لەسەر ئەو یادە و قسەکانی دینچ، ئەندامێکی ئەنجوومەنی عەلمانییەت لە تورکیا، لە داواکاری گشتیی ئامەد، سکاڵای یاسایی تۆمارکرد.
ڕەتکردنەوەى سکاڵاکە
پاش چەند ڕۆژێک، داواکاری گشتیی، سکاڵاکەی ڕەتکردەوە و ڕایگەیاند، بەهۆی نەبوونی بەڵگە، پێویست بە لێکۆڵینەوە لەو دۆسیەیە ناکات.
بڕیارەکەى دادگا
داواکاری گشتیی لە ڕوونکردنەوەکەیدا دەڵێت؛ ھەرچەندە لەسەر بنەمای داواکارییەکە، ڕێکارەکانی لێکۆڵینەوە کرا، بەڵام لەبەر ئەوەی دەرکەوت هیچ بابەتێک لە ئارادا نییە، ببێتە ھۆی دروستبوونی ئەو تاوانەی لە داواکارییەکەدا باسی لێوەکراوە، بڕیاردرا دۆسیەکە دابخرێت.
سزادانى ئومیت ئۆزداغ
مانگی شوباتی ئەمساڵیش، دادگای سزاکانی تورکیا، بەهۆی سوکایەتیکردن بە شێخ سەعیدی پیران، سزای بەسەر ئومیت ئۆزداغ، سەرۆکی پارتی زەفەردا سەپاند، کە پارتێکی نەتەوەپەرستی تورکییە.
شۆڕشەکەى شێخ سەعید
شێخ سەعیدی پیران و هاوڕێکانی لە سەرەتای مانگی شوباتی 1925، بڕیاری شۆڕش و ڕاپەڕینی سەرتاسەرییان دا و 13ـی شوبات، ناوچەی پیران لەلایەن سۆڕشگێڕانەوە کۆنتڕۆڵکرا.
شۆڕشەکە بەردەوام بوو تاوەکو ئەو کاتەی لە ناوەڕاستی مانگی نیسانی هەمان ساڵ، شێخ سەعید و بەشێک لە هاوڕێکانی بەدیلگیران.
پاش مانگێک دادگاییکردن، بڕیاری لەسێدارەدان بەسەر شێخ سەعید و هاوڕێکانیدا سەپێنرا و بڕیارەکە لە 29ـی حوزەیرانی 1925 جێبەجێکرا.
3 کاتژمێر پێش ئێستا