مووچەى خانەنشینى کرێکارانى کەرتى تایبەت کرایە 500 هەزار دینار
کوێستان محەممەد، وەزیرى کاروکاروباى کۆمەڵایەتی حکومەتى کاربەڕێکەر، ڕایگەیاند، مووچەى مانگانەى خانەنشینى کرێکارانى کەرتى تایبەت کرایە 500 هەزار دینار.
پاڵپشت بە بڕیارى ئەنجوومەنى وەزیران
بە گوێرەى نووسراوێک کە کوێستان محەممەد بڵاویکردووەتەوە و ڕۆژى 24ـى حوزەیرانى ئەمساڵ لە لایەن ئەنجوومەنى وەزیرانەوە دەرچووە و تێیدا هاتووە، پاڵپشت بە حوکمەکانى ماددەى هەشتەم لە یاساى ژمارە 3ـى ساڵى 1992ى هەموارکراوى ئەنجوومەنەکە و بەهۆى جێبەجێکردنى یاسایى خانەنشینى یەکگرتوو کە تێیدا کەمترین مووچە بۆ خانەنشینى کەرتى گشتى بە 500 هەزار دینار دیاریکراوە.
لە نوسراوەکەدا هاتووە پاڵپشت بە ماددەى 65ـى یاسایى خانەنشینى دەستەبەرى کۆمەڵایەتى کرێکاران ئەنجوومەنى وەزیران لە کۆبوونەوەى ژمارە 171 بڕیاریداوە بە پەسەندکردنى پێشنیازى وەزارەتى کاروکاروبارى کۆمەڵایەتى بۆ دیاریکردنى کەمترین مووچەى مانگانەى کرێکارانى کەرتى تایبەت بە بڕى 500 هەزار دینار.
ڕێنمایی پێویستى بۆ دەردەکرێت
بە گوێرەى نوسراوەکە، هەردوو وەزارەتى کاروکاروبارى کۆمەڵایەتى و وەزارەتى ئابوورى ڕێنمایى پێویست بۆ ئاسانکارى جێبەجێکردنى ئەو بڕیارە دەردەکەن.
هەروەها وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان ئەو بڕیارە جێبەجێدەکەن و لە ڕۆژنامەى وەقایعى کوردستان بڵاودەکرێتەوە.
3 کاتژمێر پێش ئێستا