تەڤگەری ئازادی: دیارینەکردنی پێگەی ئۆجەلان ڕێ لە جێبەجێبوونی یاسای پڕۆسەکە دەگرێت
تەڤگەری ئازادی دەڵێت، تاوەکو ئۆجەلان خۆی پرۆسەکە بەڕێوەنەبات و پێگەکەی دیاری نەکرێت، ئەو یاسایانە ناچنە بواری جێبەجێکردنەوە، کە لەبارەی پڕۆسەکەوە، دەردەکرێن.
ڕۆڵى ئۆجەلان لە بەڕێوەبردنى پڕۆسەى ئاشتى
تەڤگەری ئازادی کە لە دوای خۆهەڵوەشاندنەوەی پەکەکە لە ئایاری 2025 دروستبووە لە ڕاگەیێنراوێکدا بۆچوونی خۆی لەبارەی پڕۆژەیاسای پڕۆسەی ئاشتی بڵاوکردووەتەوە و ئاماژەی بەوە کردووە، بۆ ئەوەی پێداویستییەکانی پڕۆسەکە جێبەجێ بکرێن، پێویستە ئۆجەلان بتوانێت ڕۆڵی خۆی بگێڕێت. بۆ ئەوەش پێویستە پێگەی ئۆجەلان دیار بێت و ئازادیی بۆ فەراهەم بکرێت. ئەگەر نا ڕێگریی بۆ جێبەجێکردنی یاسای پڕۆسەکە دروست دەبێت.
تەڤگەری ئازادی، هۆشداری زیاتر دەدات و دەڵێت، تاوەکو ئۆجەلان نەکەوێتە کار و خۆی ئەم پڕۆسەیە بەڕێوە نەبات، زەحمەتە زەمینەی جێبەجێکردنی ئەو یاسایەی کە لە پەرلەمان دەردەکرێت، بێتەئارا.
بەدیهێنانى ئاشتى لە ڕێگەى یاساکەوە
تەڤگەری ئازادی، ئاماژە بەوەش دەکات، ئەو گفتوگۆیانەی لە سەرچاوەکانەوە دەربارەی قۆناغی یاسایی بڵاودەبنەوە، مایەی نیگەرانییە و جەخت لەوە دەکەنەوە، پێویستە یاساکە توانای بەدیهێنانی ئاشتی هەبێت.
ڕەخنە لە زمانى بەرپرسان
تەڤگەری ئازادی، ڕەخنەی لە زمانی بەرپرسانی تورکیا گرتووە و باسی لەوە کردووە، بەکارهێنانی چەمکەکانی تیرۆر و ڕێکخستی تیرۆر بۆ ڕێکخستنەکەیان، کە کۆتایی بە تێکۆشانی چەکداری دژی تورکیا هێناوە، کێشە بۆ پڕۆسەکە دروست دەکات.
جوڵەى تەڤگەر لەدواى یاساکەوە دەستپێدەکات
تەڤگەری ئازادیی بۆچوونی داهاتووی خۆیان دەبەستێتەوە بە ناوەڕۆکی یاسا چاوەڕوانکراوەکەوە و دەڵێت، لە دوای بینینی یاساکە ئاستی نزیکایەتیی خۆیان لەگەڵ پڕۆسەکە دیاری دەکەن و ئەگەر یاساکە ئەرێنی بێت، ئەوانیش هانگاوی زیاتر دەنێین و بەرپرسیارێتیی خۆیان جێبەجێ دەکەین.
2 کاتژمێر پێش ئێستا