حەلبوسی مەسرور بارزانی کۆبوونەوە و تاوتوێی پەیوەندییەکانیان کرد

ژوان نیزام 2 کاتژمێر پێش ئێستا
کۆبوونەوەی محەممەد حەلبوسی، سەرۆک حیزبی تەقەدووم و مەسرور بارزانی، جێگری دووەمی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان
کۆبوونەوەی محەممەد حەلبوسی، سەرۆک حیزبی تەقەدووم و مەسرور بارزانی، جێگری دووەمی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان

محەمەد حەلبوسی، سەرۆکی حیزبی تەقەدووم لەگەڵ هەر یەک لە مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان و مەسرور بارزانی، جێگری دووەمی سەرۆکی پارتی، کۆبووەوە، گفتوگۆیان لەسەر پەیوەندییە حیزبییەکان و دۆخى سیاسى و ئەمنیى عێراق و پرۆسەى تەواوکردنى کابینەکەی زەیدی کرد.

پێشوازیکردن لە حەلبوسی و کۆبوونەوەی لەگەڵ مەسعود بارزانی و مەسرور بارزانی

ئەمڕۆ پێنجشەممە، محەممەد حەلبوسی، سەرۆکی حیزبی تەقەدووم سەردانی هەولێری کردو لە لایەن هۆشیار زێباری، فەرهاد ئەتروشی، ڕێبەر ئەحمەد و پشتیوان سادق و ئومێد خۆشناو پارێزگاری شارەکە پێشوازی لێکرا، لەگەڵ هەریەکە لە مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێمو کوردستان و مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان کۆبوویەوە.

تاوتوێکردنی چۆنێتی پشتگیریکردن لە حکومەتی فیدراڵی

لە کۆبوونەوەکاندا گرنگیی هاوکاری و هەماهەنگیی هاوبەش لە نێوان هێز و لایەنە سیاسییەکانی عێراقدا کراوە، بۆ پشتگیریکردن لە حکومەتی فیدراڵ لە جێبەجێکردنی کارنامەکەیدا.

گفتوگۆکردن لەسەر پێشهاتەکانی ناوچەکە و دەرەوە

لە کۆبوونەوەکەدا باس لە پێشهاتەکانی ناوچەکە و دەرەوە و ئەو ئاڵنگارییانە کرا کە هاتوونەتە پێش، جەختیشکرایەوە لەسەر گرنگیی یەکخستنی هەڵوێستە نیشتمانییەکان، بە شێوازێک کە خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی عێراق بکات و ئارامی و سەقامگیرییەکەی بپارێزێت.

پێشتر نێچیرڤان بارزانى و مەسرور بارزانى، وەک هەوڵێک بۆ ئاساییکردنەوەى پەیوەندییەکانیان لەگەڵ حەلبووسى، لە 5ـى ئایار و 23ـى ئایار، سەردانى محەممەد حەلبووسییان لە بەغداد کرد و بڕیاریاندا هەردوولا لەسەر ئاستی حیزبی، پەیوەندییەکانیان ئاسایی بکەنەوە.

کۆبوونەوەی محەممەد حەلوبسی، سەرۆکی حیبزی تەقەدووم لەگەل مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان

ژوان نیزام

2 کاتژمێر پێش ئێستا