فیفا لێکۆڵینەوە لەگەڵ یاریزانانی ئەرجەنتین دەکات

نەورۆز عوسمان 1 کاتژمێر پێش ئێستا

فیدراسیۆنی تۆپی پێی جیهان (فیفا) دەستپێکردنی ڕێکارە سزاییەکانی دژی یەکێتیی تۆپی پێی ئەرجەنتین و ژمارەیەک لە یاریزانەکانی ئەو هەڵبژاردەیە ڕاگەیاند، ئەمەش لەسەر بنەمای چەند پێشێلکارییەک کە لە کاتی بەڕێوەچوونی یارییەکانی مۆندیالی 2026دا تۆمار کراون.

بڕیارەکە دوای ئەوە هات کە لە یاریی پێش کۆتایی مۆندیالی 2026 لە شاری ئەتلانتا، کاتێک ئەرجەنتین سەرکەوتنی بەسەر ئینگلتەرادا بەدەست هێنا، هەندێک لە یاریزانانی تانگۆ بانەرێکیان بەرز کردەوە کە لەسەری نووسرابوو «دوورگەکانی فۆکلاند ئەرجەنتینین».

فیفا جەختی کردەوە کە بەکارهێنانی پاڵەوانێتییە وەرزشییەکان بۆ گەیاندنی پەیامی سیاسی، پێشێلکارییەکی ڕوونە و لێخۆشبوونی بۆ نابێت.

لێکۆڵینەوەکان تەنیا لەسەر بابەتی بانەرە سیاسییەکان نەوەستاون، بەڵکو چەندین پێشێلکاریی دیکەیان لەخۆگرتووە، لەوانە دروشم و ئاماژەی ناوەرزشی، دواکەوتنی دەستپێکی یارییەکان، هەروەها توندوتیژی و ئاڵۆزییەکانی کۆتایی یاریی کۆتایی بەرامبەر ئیسپانیا لە نیویۆرک.

لەم چوارچێوەیەدا، یاریزانان لیاندرۆ پادێریس، ناویێل مۆلینا و ڕۆبێرتۆ ئایالای یاریدەدەری ڕاهێنەر، ڕووبەڕووی لێکۆڵینەوە بوونەتەوە بە تۆمەتی دەستدرێژیکردن و ڕەفتاری نەگونجاو. لیژنەی سزاکانی سەر بە فیفا لە داهاتوویەکی نزیکدا بڕیاری کۆتایی لەم بارەیەوە دەردەکات.

نەورۆز عوسمان

1 کاتژمێر پێش ئێستا