فەرماندەی سێنتکۆم پلانی هێرشی چڕی 10 بۆ 14 ڕۆژەی خستووەتە بەردەم ترەمپ
ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ ئاشکرای کرد، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە ئاسمان و لە ناو فرۆکە تایبەتەکەی "ئەیر فۆرس وەن" کۆبوونەوەیەکی نهێنیی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای سەربازی ئەنجامداوە و تاوتوێی بژاردەکانی فراوانکردنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی سەر ئێرانیان کردووە، ئەمەش دوابەدوای کوژرانی چوار سەربازی ئەمریکی دێت، لە هێرشێکی مووشەکیدا کە بنکەیەکیانی لە ئوردن کردبووە ئامانج.
خستنەڕووی پلانێک بۆ هێرشێکی چڕی ئاسمانی
بەگوێرەی ڕۆژنامەکە، براد کوپەر فەرماندەی سێنتکۆم، پلانێکی بۆ هێرشێکی چڕی ئاسمانی خستووتەڕوو، کە ماوەی 10 بۆ 14 ڕۆژ بخایەنێت و ئامانج لێی لاوازکردنی توانای مووشەکیی ئێران و کەمکردنەوەی توانای هەڕەشەکردنیانە لە هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی.
کاریگەریی بە ئامانجگرتنی ژێرخانی مووشەکیی ئێران
ڕۆژنامەکە لە زاری کەسانی ئاگادارەوە لە کۆبوونەوەکە ئەوەی خستووەتەڕوو، کوپەر بۆچوونی وابووە کە هێرشی بەرفراوان و بەئامانجگرتنی ژێرخانی مووشەکیی ئێران دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی تواناکانیان و لە ئەنجامدا تێچووی بەرگرییە ئاسمانییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە کەمدەبێتەوە.
ڕەخنەی سوپاسالاری ئەمریکا لە فراوانکردنی ئۆپراسیۆنەکان
ئەوەشیان خستووەتەڕوو، کە جەنەڕاڵ دان کین، سوپاسالاری هاوبەشی ئەمریکا، ڕەخنەی لە فراوانکردنی ئۆپەراسیۆنەکان گرتووە و هۆشدارییداوە لە کەمبوونەوەی کۆگا مووشەکییەکانی ئەمریکا، بە لەبەرچاوگرتنی پێویستی پاراستنی توانا سەربازییەکان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگە ئەگەرییەکان لە ناوچەکانی دیکە، لەنێویاندا هیندستان و زەریای هێمن و ئەورووپا.
ئەگەری بەشداریکردنی ئیسرائیل لە ئۆپراسیۆنەکاندا
ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، بەرپرسانی ئەمەریکا لەگەڵ بنیامین نەتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل باسیان لە ئەگەری بەشداریکردنی ئیسرائیل لە هەر ئۆپراسیۆنێکی سەربازیی بەرفراوانی ئەمریکادا کردووە، ئەگەر واشنتن بڕیاری دەستپێکردنی ئەو هێرشانە بدات.
ئاماژە بەوەش کراوە کە خەمڵاندنە هەواڵگرییەکانی ئەمریکا ئاماژە بەوە دەکان کە 21٪ بۆ 22٪ی جبەخانەی مووشەکیی ئێران وەک خۆی ماوەتەوە و کاردەکات.
2 کاتژمێر پێش ئێستا