وەزارەتى خوێندنى باڵا پلاتفۆڕمێک بۆ لەجیاتى دانانى گرێبەستەکان کارا دەکات
وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند، هەفتەى داهاتوو لە ڕێگەى پلاتفۆڕمێکەوە دەرگاى پێشکەشکردن بۆ لەجیاتى دانانى ئەو فەرمانبەرە گرێبەستانە دەکەنەوە کە ناویان بۆ دامەزراندن پەسەندکرا و بەهەر هۆکارێک نەچوون بەدەم مامەڵەکانیانەوە، بەگوێرەى زانیارییەکانى کەناڵ8 نزیکەى هەزار کەس بە لەجیاتى دانان دادەمەزرێن.
کێن ئەوانەی لە جیاتی دانیان بۆ ئەنجامدەدرێت؟
بەگوێرەى ڕاگەیێنراوێکى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، لەسەر راسپاردەی وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە چەند ڕۆژی داهاتوو لە ڕێگەی پلاتفۆرمێکی تایبەتەوە پرۆسەی لەجیاتی دانان ئەنجامدەدرێت بۆ؛ (ئەو وانەبێژانەی بە گرێبەست دامەزراون لەسەر داهاتی ناوخۆ بەڵام بەهۆکاری جیا جیا دەست بەکارنەبوون)، یان (ئەوانەی لەسەر داهاتی خوێندنی باڵا و زانکۆکان دامەزراون بە گرێبەست و دەست بەکارنەبوون)، لەگەڵ (هەموو ئەوانەی بە کرێی کاری ڕۆژانە لە دامەزراوەکانی خوێندنی باڵا دامەزراون و دەست بەکاربوونیان نەکردووە).
هەر لە ڕاگەیێنراوەکە هاتووە، لە کۆبوونەوەیەکی وەزارەتدا، وردەکاری و شێوازی پێشکەشکردن بە سیستمی ئەلیکترۆنی تایبەت بۆ لەجیاتی دانانی گرێبەستەکان بۆ ئەو کەسانەی کە پێشوتر ناویان گەڕاوەتەوە بەڵام بە هۆکاری جیا جیا دەستبەکارنەبون تاوتوێکراوە.
پرۆسەکە تەواو شەفاف و دادپەروەر و یەکسان دەبێت
ئەوەشخراوەتەڕوو، پرۆسەکەش تەواو شەفاف و دادپەروەر و یەکسان دەبێت و سەرجەم دەرچووانی دانەمەزراو بە بێ جیاوازی لە تەواوی ناوچەکانی کوردستان دەتوانن بە ئەلیکترۆنی داواکاری بۆ دامەزراندنیان بە شێوەی گرێبەست لە زانکۆکان پێشکەش بکەن کە لە چەند رۆژی داهاتوو پرۆسەکە لە ڕێگەی پلاتفۆرمێکی تایبەتەوە لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕادەگەیەنرێت.
سیستمەکە ڕەچاوی خاڵبەندی دەکات
هەر لە ڕاگەیێنراوەکەى وەزارەتى خوێندنى باڵا هاتووە، بەڕێوەبەری گشتی کارگێڕی و دارایی گوتوویەتى ،" سیستمەکە ڕەچاوی خاڵبەندی دەکات بۆ پێشکەشکاران و هەموو ئەوانەی داواکاری بۆ لە جیاتی دانان پێشکەش دەکەن پێویستە مەرج و ڕێنماییەکانیان تێدابێت ئاسانکاری تەواوی بۆ پێشکەشکاران کردووە.
بەگوێرەى زانیارییەکانى کەناڵ8، لەم پرۆسەیەدا نزیکەى هەزار کەس بە خاڵبەندى و بەلەجیاتى دانان بەشێوەى گرێبەست دادەمەزرێن.
1 کاتژمێر پێش ئێستا