ئێران: هێرشمان کردە سەر ئامانجەکانی ئەمریکا لە کوەیت

سامیا حەسەن 3 کاتژمێر پێش ئێستا

هێزە چەکدارەکانی ئێران ڕایگەیاند، "وەک وەڵامێک بۆ هێرشەکانی بەرەبەیانی ڕۆژی پێنج شەممەی ئەمریکا بۆ سەر چەند ناوچەی ئێران و بە تایبەت قشم بە درۆن هێڕشمان کردە سەر ئامانجەکانی ئەمریکا لە کوەیت".

هێرش بۆسەر بنکەى ئەحمەد جابر

لە ڕاگەیێنراوێکدا هێزە چەکدارەکانی ئێران دەڵێت، "هێرشەکانیان لە ڕێگەی درۆن بۆ سەر ئامانجەکانی ئەمریکا بە تایبەت بنکەی ئەحمەد جابر لە کوەیت بووە".

ژێرخانى سەربازی ئەمریکا کراوەتە ئامانج

بە گوێرەی هێزە چەکدارەکانی ئێران لە هێرشەکانیاندا، بنکە و کۆگای چەکی سەربازی و سیستەمی پەیوەندی مانگی دەستکردی ئەمریکا بە ئامانجگیراوە.

هێرشەکانى ڕۆژى پێنجشەممە

بە ئامانجگرتنی ناوەندەکانی ئەمریکا لە کوەیت لە کاتێکدایە دوێنێ پێنجشەممە 30ـی تەمموز ئەمریکا زۆربەی ناوچەکانی پارێزگای هوورمزگان، خوزستان، فارس و بووشەهری کردە ئامانج.

ئامارى قوربانییان

بە گوێرەی زانکۆی زانستە پزیشکییەکانی پارێزگای هوورمزگان، لە هێرشەکاندا شوێنی نیشتەجێبوونی سڤیل کراوەتە ئامانج و بەو هۆیەوە لە قشم سێ ئەندامی خێزانێک کە دایک و باوک و منداڵێکی دوو ساڵەن گیانیان لە دەستداوە و دوو منداڵی حەوت و نۆساڵی هەمان خێزانیش برینداربوون.

کاردانەوەى هێرشەکان

هێرشەکەی قشم کاردانەوەی لە ناوخۆی ئێران لێکەوتەوە محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران ڕایگەیاند، ئەمریکا دەیەوێت شکستەکانی گۆڕەپانی جەنگی بە کوشتن و ڕشتنی خوێنی بێتاوانەکان قەرەبوو بکاتەوە.

سامیا حەسەن

3 کاتژمێر پێش ئێستا