یوێفا پێشنیازێکى سەرۆکى فیفا بۆ فرۆشتنى خاوەندارێتیى پاڵەوانێتییەکان ڕەتدەکاتەوە

رێبوار حەمەوەیس 3 کاتژمێر پێش ئێستا
جیانى ئینفانتینۆ سەرۆکى یەکێتیی تۆپى پێى جیهان فیفا
جیانى ئینفانتینۆ سەرۆکى یەکێتیی تۆپى پێى جیهان فیفا

یەکێتیی تۆپى پێى ئەورووپا ناسراو بە (یوێفا) بە کۆى دەنگى ئەندامانى، پێشنیازەکەى جیان ئینفانتینۆ، سەرۆکى یەکێتیی تۆپى پێى جیهان لەبارەى بەشداریی وەبەرهێنەران لە خاوەندارێتیکردنی پاڵەوانێتییەکان لەسەروو هەموویانەوە مۆندیال ڕەتدەکاتەوە و هۆشداریش دەدات لە بایکۆتکردنى مۆندیال و هەر پاڵەوانێتییەکى فیفا.

ئینڤانتینۆ تەنیا بیر لە بزنس دەکاتەوە

یوێفا، کۆبوونەوەیەکى نائاسایی لە بارەى پێشنیازەکەى (جیانى ئینفانتینۆ) سەرۆکى یەکێتیی تۆپى پێى جیهان بۆ دامەزراندنى کۆمپانیایەکى تایبەت بە فیفا بۆ بەڕێوەبردنى پاڵەوانێتییەکان و فرۆشتنى 20%ـى خاوەندارێتییەکەى بە وەبەرهێنەران و قەوارەکانى کەرتى تایبەت، ئەنجامدا.

ئەورووپییەکان بەرگریی لە پاڵەوانێتییەکانى خۆیان دەکەن

ئەورووپییەکان بەکۆى دەنگى هەر 55 فیدراسیۆنەکەیان، پێشنیازەکەى سەرۆکى فیفایان ڕەتکردەوە و لە ڕاگەیێنراوێکدا دووپاتیانکردەوە، هەنگاوێکى لەو جۆرە، پێویستى بە هەڵوێستێکى یەکگرتوو هەیە بۆ پاراستنى وەرزش لە پشکپشکێنە و نابێت ڕێگە بدرێت گرنگترین ڕووداوى وەرزشى لە مێژوودا ببێتە بابەتێکى دارایی و بۆ سوودى سندووقەکانى وەبەرهێنانى تایبەت مامەڵەى پێوەبکرێت.

بۆچى ڕەتکرایەوە؟

یوێفا ئاماژەى بەوەشکردووە، هێنانى وەبەرهێنەرانى دەرەکى بۆ ناو خاوەندارێتیى پاڵەوانێتییەکان، سروشتى یارییەکە لە ڕیشەوە دەگۆڕێت و بڕیارەکانى پەیوەست بە ئەجێنداى نێودەوڵەتى و سیستمى پاڵەوانێتییەکان دەخاتە ژێر بەرژەوەندیی بازرگانى و فشارى خاوەن پشکەکان لەبریى خزمەتکردن بە تۆپى پێ.

یوێفا دووپاتیشیکردووەتەوە، نموونەیەکى لەم جۆرە لە هیچ شوێنێکى جیهانى تۆپى پێدا نییە و هیچ شەرعییەتێکى پێنادەن، یاریى تۆپى پێ کاڵایەک نییە بۆ فرۆشتن و گرەوکردن لە پێناو قازانجى دارایی.

پێشنیازەکەى سەرۆکى فیفا چۆن بووە؟

بە گوێرەى پێشنیازەکەى سەرۆکى فیفا، کۆمپانیایەک دروستدەکرێت بۆ سەرپەرشتیکردنى پاڵەوانێتییەکانى فیفا بەتایبەتیش مۆندیال، پشکەکانى کۆمپانیاکە بە بەهاى 20 ملیار دۆلار دەفرۆشرێتە وەبەرهێنەرانى کەرتى تایبەت، لەو پارەیەش هەر فیدراسیۆنێک 40 ملیۆن دۆلار وەردەگرێت بەمەرجێک تاوەکو 19ـی ئەیلوولى داهاتوو ڕەزامەندى لەسەر پێشنیازەکە بدرێت.

رێبوار حەمەوەیس

3 کاتژمێر پێش ئێستا