دەستەى کەشناسیی عێراق: سبەى پلەکانى گەرما لە پێنج پارێزگا دەبێتە نیوەى کوڵان
دەستەى کەشناسیی عێراق" پێشبینییەکانى بۆ کەشوهەواى ڕۆژانى داهاتوو بڵاوکردەوە و سبەى شەممە لە پێنج پارێزگا پلەى گەرما دەگاتە 50 پلەى سیلیزى.
کەشوهەواى سبەى
دەستەى کەشناسیی عێراق ڕایگەیاندووە، سبەى کەش ساماڵ و گەرم دەبێت، لەگەڵ بوونى هەندێک هەور لە تەواوى وڵات، پلەکانى گەرماش هاوشێوەى ڕۆژانى ڕابردوو دەبێت.
پلەکانى گەرماى شارەکانى هەرێمى کوردستان
بە گوێرەى پێشبینییەکان، سبەى لە پارێزگاکانى سلێمانى و دهۆک 43 پلە، لە هەولێر 44 پلەى سیلیزى دەبێت.
پلەکانى گەرماى شارەکانى عێراق
لە پارێزگاکانى نەینەوا و ئەنبار بەرز 47 پلە، دیالەش 48 پلەى سلیزى دەبێت، بەڵام لە پارێزگاکانى کەرکووک، بەغداد، بابل، سەڵاحەدین، واست، کەربەلا و دیوانیە بەرز دەبێتەوە بۆ 49 پلەى سیلیزى.
نیوەى پلەى کوڵان
لە پێنج پارێزگاى دیکەش کە بریتین لە نەجەف، موسەننا، زیقار، میسان و بەسرە 50 پلەى سیلیزى دەبێت.
کەشوهەواى یەکشەممە
دەستەى کەشناسى بۆ کەشوهەواى ڕۆژى یەکشەممە ئاماژەى بەوەکردووە، کەش ساماڵ دەبێت لەگەڵ بوونى پەڵە هەور لە ناوچەکانى باکوور، پلەکانى گەرماش هاوشێوەى ڕۆژى شەممە دەبن.
هەروەها لوقمان حەوێزى شارەزاى کەشناسى ڕایگەیاندووە، ڕۆژى پێنجشەممە گەرمترین ڕۆژى هاوین بوو لە هەولێر و زۆربەى ناوچەکانى کوردستان.
تاکو کەى بەردەوام دەبێت؟
ئاماژەى بەوەشکردووە، ئەم شەپۆلی گەرمایە جارێ بەردەوام دەبێت، توندیی شەپۆلەکە بۆ سبەی و دوو سبەی هەر لە لوتکە دەبێت، بەڵام لە یەکشەممەوە پلەکانی گەرما یەک بۆ سێ پلە نزم دەبنەوە لە زۆربەی شار و ناوچەکان، لە ڕۆژانی پێنجشەممە و هەینی داهاتووش شەپۆلەکە دووبارە دەچێتەوە لوتکە و ئەمجارە ئەگەری تۆمارکردنی 50 پلەی سەدی هەیە لە کەرکووک و هەندێ شوێنی گەرمیان.
2 کاتژمێر پێش ئێستا