ترەمپ ڕێککەوتنێکی بۆ چەکداماڵينی تەواوەتی حەماس لە غەززە ڕاگەياند
دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا، ڕێککەوتنێکی بۆ چەکداماڵينی تەواوەتی بزووتنەوەی حەماس و گرووپە چەکدارەکان لە کەرتی غەززە ڕاگەياند و بە ڕێککەوتنێکی مێژووی وەسفيکرد و گوتی "ڕێگە خۆشکەرە بۆ قۆناغێکی نوێی ئاشتی و ئاسايش، بزووتنەوەی حەماسيش دەڵێت، ڕێککەوتنەکەيان لەپێناو گەلی فەڵەستين کردووە.
"غەززە لەلایەن حکومەتێکی نوێی فەلەستینييەوە بەڕێوەدەبرێت"
ترەمپ لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵايەتی ترووس ڕایگەیاند، ئەو ڕێککەوتنە دەبێتە هۆی بەڕێوەبردنی کەرتی غەززە لەلایەن حکومەتێکی نوێی فەڵەستینەوە کە لە نزیکەوە لەگەڵ ئەنجوومەنی ئاشتی کاردەکات بۆ یارمەتیدانی گەلی فەڵەستین، ئیسرائیليش ئەو ئاسایشە بەدەستدەهێنێت کە شایەنیەتی، کەرتی غەززەش جارێکی دیکە وەک بنکەیەک بۆ دەستپێکردنی هێرشەکان بەکارناهێنرێت.
بۆچوونى بزووتنەوەى حەماس لەسەر ڕێککەوتنەکە
هاوکات، غازی حەمەد، سەرۆکی بزووتنەوەی حەماس لە ديمانەيەکيدا لەگەڵ ميديای عەرەبی ڕايگەياندووە، پەسەندکردنی ڕێککەوتنەکە دوای ڕاوێژکردن بووە لەگەڵ کوتلە جياوازەکانی فەڵەستين و ئامانجی کۆتاییهێنانە بە شەڕ و ڕزگارکردنی فەڵەستینییەکان لەو بارودۆخە سەختە مرۆييەی لە کەرتی غەززە تيايدان.
حەماس: دەستبەردارى مافەکانى فەڵەستینییەکان نابن
گوتيشی، "ئەمە مانای وازهێنان لە مافە نەتەوەییەکان یان ئامانجە سیاسییەکانی بزووتنەوەکە نییە، دەستبەرداری هەوڵەکانيان بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی گەلی فەڵەستینمان نابن، ڕێککەوتنەکە باس لە دۆخی ئێستا دەکات و هیچ گۆڕانکارییەک لە هەڵوێستە بنەڕەتییە سیاسییەکانی بزووتنەوەکەدا ناکات".
دواى چەکداماڵین ئیسرائیل دەکشێتەوە
ترەمپ ئاماژەی بەوەشکردووە، ڕێککەوتنەکە بە قۆناغی ڕێکخراو جێبەجێ دەکرێت و لەگەڵ تەواوبوونی پرۆسەی چەکداماڵین هێزەکانی ئیسرائیل لەو کەرتە دەکشێنەوە، هەروەها هێزێکی سەقامگیری نێودەوڵەتی بە هاوکاری لەگەڵ هێزێکی نوێی پۆلیسی فەڵەستین بەرپرسیارێتی پاراستنی ئاسایشی غەززە لە ئەستۆ دەگرێت.
دەستکەوتى پلانە 20 خاڵییەکە
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم هەنگاوە دەستکەوتێکی گەورەيە لە جێبەجێکردنی بڕگەکانی پلانە 20 خاڵييەکەی ئاشتی، ڕێکخستنە ئەمنییە نوێیەکان ئامانجیان دەستەبەرکردنی ئاسایشی دانیشتوانی کەرتەکە و وڵاتانی دراوسێیە لە هەمان کاتدا.
سەرۆکی ئەمریکا باسی لەو پێشکەوتنانە کرد کە لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا بەدیهاتووە و ڕایگەیاند، ساڵێک لەمەوبەر ناوچەکە تووشی شەڕێکی فراوان و قەیرانێکی مرۆیی و گرتنی بارمتەکان بووەوە، بەڵام هەوڵە دیپلۆماسیەکان بوونەتە هۆی پێشکەوتنی مێژوویی، هاوکات دان بەوەدا دەنێت کە کاری زۆر ماوە کە بکرێت.
1 کاتژمێر پێش ئێستا