ئەمڕۆ ساڵیادى ئەنفالى بارزانییەکانە

ئارام قەرەداغی 2 کاتژمێر پێش ئێستا
نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان
نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان

ئەمڕۆ چل و سێ ساڵ بەسەر تاوانی جینۆساید و ئەنفالکردنی هەشت هەزار هاونیشتمانى بارزانیدا تێدەپەڕێت، نێچیرڤان بارزانى سەرۆکى هەرێمى کوردستان پەیامێکى بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند پێویستە حکومەتى عێراق قەرەبووى کەسوکارى ئەنفالکراوان و قوربانییانى دەستى ڕژێمى پێشوو بکاتەوە.

پەیامى سەرۆکى هەرێمى کوردستان

لە پەیامى نێچیرڤان بارزانى سەرۆکى هەرێمى کوردستان هاتووە، جینۆسایدکردنی بارزانییەکان و گشت شاڵاوەکانی ئەنفال، برینی قووڵى نيشتمانن، بەڵام ئیرادەی گه‌لى كوردستانيان بۆ مانەوە و بەرگری لە مافە ڕەواکانی بەهێزتر کرد بۆیە جارێکی دیکە جەخت لەسەر ئەرکی ئەخلاقی و یاساییی حکومەتی عێراق دەکەینەوە بۆ قەرەبووکردنەوەی کەسوکاری ئەنفالكراوان و ته‌واوى قوربانییانی دەستی ڕژێمی پێشوو.

هەر لە پەیامى نێچیرڤان بارزانى هاتووە، پێویستە تاڵییەکانی ڕابردوو و ئازاری کارەساتەکان، بۆ داهاتوو ببنە په‌ند و وانه‌ و هەوێنی چەسپاندنی کولتووری یەکترقبووڵکردن و تەبایی، تاوەکو ڕێز له‌يه‌كگرتن و لێكگەیشتن و ئاشتییەکی بەردەوام، كۆكه‌ره‌وه‌ى هه‌موو پێكهاته‌كانى عێراق بێت و هه‌مووان بە شکۆ و سەربەرزی پێكه‌وه‌ بژین.

ئارام قەرەداغی

2 کاتژمێر پێش ئێستا