ئێران: نزیکەی سێ ملیۆن زیارەتکارمان چوونەتە عێراق

سامیا حەسەن 1 کاتژمێر پێش ئێستا
دەروازەى سنوورى مێهران لەمیانى سەردانى زیارەتکاران بۆ چلەى ئیمام حوسێن
دەروازەى سنوورى مێهران لەمیانى سەردانى زیارەتکاران بۆ چلەى ئیمام حوسێن

فەرماندەی پۆلیسی هاتووچۆی ئێران ڕایگەیاند، بۆ بەشداری لە رێوڕەسمەکانی چلەی ئیمام حوسێن دوو ملیۆن و 700 هەزار زیارەتکار لە ئێرانەوە چوونەتە عێراق.

پڕۆسەى ڕۆیشتن و گەڕانەوەى زیارەتکارە ئێرانییەکان بەردەوامە

تەیمور حوسێنی، بەرپرسی پۆلیسی هاتووچۆی ئێران ڕایگەیاند، "ملیۆنێک و 700 هەزار ئێرانی هێشتا لە عێراقن و دەشڵێت، لە سەرەتای دەستپێکی ڕێوڕەسمەکەوە تاوەکو 30ـی تەممووز، 920 هەزار زیارەتکار گەڕاونەتەوە ئێران و پڕۆسەی گەڕانەوەش بەردەوامە.

پەیام بۆ زیارەتکاران

حوسێنی، دەشڵێت "46% هاتووچۆی زیارەتکار بۆ بەشداری لە مەراسیمەکە لە ڕێگای دەروازەی سنووری مێهران بووە، داواش لە زیارەتکاران دەکات هاتنەوەیان نەخەنە ڕۆژەکانی کۆتایی بۆ ئەوەی قەرەباڵغی لە دەروازە سنوورییەکان دروست نەبێت".

دەروازەى سنوورى مێهران

شاری سنووریی مێهران کە هاوتای دەروازەی سنووریی زەرباتییەیە لە دیوی عێراق، نزیکەی 230 کم لە بەغدادەوە دوورە و نزیکترین شاری سنووریی ئێرانە لە بەغدادی پایتەختی عێراقەوە، دەروازەی سنووریی مێهران بە دووریی 85کم لە باشووری ڕۆژئاوای ئیلام هەڵکەوتووە، یەکێکە لە دەروازە سنوورییە گرنگەکانی ئێران و ساڵانە هەزاران ئێرانی لەو دەروازە سنوورییەوە بۆ بەشداری لە چلەی ئیمام حوسێن دەچنە عێراق.

ڕووداوەکانى هاتووچۆى زیارەتکاران

بەرپرسی پۆلیسی هاتووچۆی ئێران لە بارەی ڕووداوەکانی هاتووچۆی لەو ماوەیەدا ڕایگەیاند، بەهۆی ڕووداوەکانی هاتووچۆ 10 زیارەتکار گیانیان لە دەستداوە 123 زیارەتکاریش برینداربوون دەشڵێت، زۆرینەی ڕووداوەکان بەهۆی خەواڵوی و ماندبوونی شۆفێرانەوە بووە.

چلەى ئیمام حوسێن

چلەى فەرمیی ئیمام حوسێن، بڕیارە رۆژى سێشەممە 4ـی ئابی 2026 لە هەردوو شارى کەربەلا و نەجەف، بەبەشداریی ژمارەیەکى زۆر لە هاوڵاتییانى عێراق و زیارەتکارانى شیعە مەزهەبی وڵاتانى دیکە، بەڕێوەبچێت.

سامیا حەسەن

1 کاتژمێر پێش ئێستا