سەندیکاى شۆفێرانى سلێمانى: داوامانکردووە بەنزینخانەیەک تایبەت بکرێت بە پاس و تاکسى
ئازاد ئەحمەد، سەرۆکى سەندیکاى شۆفێرانى سلێمانى ڕایگەیاند، داوایانکردووە، بەنزینخانەیەک کە بەنزینى 750 دەفرۆشێت دابین بکرێت بۆ پاس و تاکسییەکان و تاوەکو ڕۆژى یەکشەممە چاوەڕوانى وەڵامى لایەنە پەیوەندیدارەکانن.
نرخى هاتوچۆى پاس و تاکسى گران دەبێت
گوتیشى، یەکەمجارە نرخى بەنزین دەگاتە ئەو ئاستە بەرزە بۆیە ئەگەر بەنزینەکە دابین کرا ئەوە نرخ وەک خۆى دەبێت، بەپێچەوانەوە ئەگەر بەنزین دابین نەکرا ئەوا ئەو هێڵانەى پاسەکان کە نرخى گواستنەوەى سەرنشین 500 دینارە نرخ دەبێتە 750 دینار، ئەوانەش کە نرخ 750دینارە دەکرێتە هەزار دینار.
ئازاد ئەحمەد، سەرۆکى سەندیکاى شۆفێران لە سلێمانى، لە بارەى نرخى تاکسییەکان دەڵێت، ئەگەر بەنزینى 750 دینارى بۆ تاکسییەکان دابین نەکرێت نرخى گواستنەوەى سەرنشین لاى ئەوانیش زیاد دەکرێت، ئەو شوێنانەى سێ هەزار دیناربووە، دەبێتە چوار هەزار دینار، ئەوەش چوار هەزار دیناربووە دەبێتە پێنج هەزار دینار.
چارەسەرى نرخى بەنزین
سەرۆکى سەندیکاى شۆفێرانى سلێمانى جەختدەکاتەوە، ئەگەر گرفتى بەرزبوونەوەى نرخى بەنزین چارەسەرنەکرێت بۆ وەرزى خوێندنى ئەمساڵ بارگرانى لەسەر شانى خێزانەکان زیاتر دروستدەکات، چونکە زۆرینەى خوێندکاران بە پاس و تاکسى دەچنە قوتابخانەکان.
2 کاتژمێر پێش ئێستا