3.5 ملیۆن زیارەتکار بۆ بەشداریی چلەى ئیمام حوسێن هاتوونەتە عێراق

رێبوار حەمەوەیس 1 کاتژمێر پێش ئێستا
پەیڕەوکارێکى شیعە بە زنجیر لە چلەى ئیمام حوسێن لە خۆى دەدات
پەیڕەوکارێکى شیعە بە زنجیر لە چلەى ئیمام حوسێن لە خۆى دەدات

شانەى ڕاگەیاندنى ئەمنى بڵاویکردەوە، ژمارەى ئەو زیارەتکارانەى بۆ بەشداریی لە چلەى ئیمام حوسێن هاتوونەتە عێراق سێ ملیۆن و 435 هەزار زیارەتکارى تێپەڕاندووە.

زیارەتکارانى چلەى ئیمام حوسێن

سەعد مەعن، سەرۆکى شانەى ڕاگەیاندنى ئەمنى، لە لێدوانێکدا ئاماژەى بەوەکردووە، ژمارەى زیارەتکارانى هاتوو لە 1ـى محرەم (16ـى حوزەیرانى زایینى) تاوەکو ئێوارەى پێنجشەممە گەیشتووەتە سێ ملیۆن و 435 هەزار و 492 زیارەتکار.

172 ڕەگەزنامەى جیاواز

گوتیشى، زیارەتکارەکان لە 172 ڕەگەزنامەى جیاوازەوە هاتوونەتە عێراق بۆ بەشدارییکردن لە ڕێوڕەسمى چلەى ئیمام حوسێن لە کەربەلا.

ئامادەکارییەکان بۆ ڕێوڕەسمەکە

سەعد مەعن، دووپاتیشیکردەوە، ڕێوڕەسمەکە بە شێوەیەکى زۆر ڕێکخراو بەڕێوەدەچێت و هێزە ئەمنییەکان و کاروانەکانى حوسەینییە، هەوڵێکى زۆریان خستووەتەگەڕ بۆ دابینکردنى خزمەتگوزارى و ڕەخساندنى باشترین کەش بۆ زیارەتکاران.

چلەى ئیمام حوسێن

چلەى ئیمام حوسێن یەکێکە لە گرنگترین ڕێوڕەسمە ئاینییەکانى پەیڕەوانى شیعە مەزهەب، دەکەوێتە دواى 40 ڕۆژ لە شەهیدکردنى ئیمام حوسێن کوڕى عەلى کوڕى ئەبى تاڵب، کچەزاى پێغەمبەرى ئیسلام (د.خ) لە ڕۆژى عاشورا لە 10ـى موحەرەم بەرامبەر 12ـى ئەیلوولى ساڵى 680ـى زایینى.

رێبوار حەمەوەیس

1 کاتژمێر پێش ئێستا