ئاگری بەشێک لە دارستانەکانی تورکیا بەردەوامە
ئاگری بەشێک لە دارستانەکانی تورکیا بەردەوامن و تاوەکو ئێستا سەدان دۆنم زەوی دارستان و کشتوکاڵی لە باکووری کوردستان و تورکیا سووتاون.
170 ئاگر کەوتووەتەوە
بە گوتەی ئیبراهیم یوماکڵی، وەزیری کشتوکاڵ و دارستانی تورکیا، لە ماوەی سێ ڕۆژی ڕابردوو، نزیکەی 170 ئاگر لە باکووری کوردستان و تورکیا کەوتوونەتەوە، کە زۆربەیان لە دارستانەکان بوون.
ئاگرى دارستانەکانى باڵکئەسیر و ئایدن بەردەوامە
لەگەڵ ئەوەی زۆربەی ئاگرەکان کۆنتڕۆڵکراون، بەڵام هێشتا ئاگری دارستانەکانی پارێزگاکانی باڵکئەسیر و ئایدن بەردەوامن و سەدان تیم لە ئاسمان و زەوییەوە هەوڵی کۆنترۆڵکردنیان دەدەن.
ئاوارەبوونى دانیشتووانى ناوچەى ئاگرەکان
بەهۆی فراوانبوونی ڕووبەری ئاگرەکانەوە، دەیان ماڵ چۆڵکراون و لە کاتی کوژاندنەوەی ئاگرەکانی ئایدنیش، چوار کەس بریندار بوون.
هەوڵەکانى حکومەتى خۆجێی ناوچەى ئاگرەکان
عوسمان ڤارۆڵ، پارێزگاری ئایدن دەڵێت، هەوڵەکانیان بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکان بەردەوامە و بەشی زۆر ئاگرەکان کۆنترۆڵکراون.
ئامارى زیانەکان
بەهۆی ئاگرەکانەوە، تاوەکو ئێستا سەدان دۆنم زەوی کشتوکاڵی و دارستانەکانی باکووری کوردستان و تورکیا سووتاون.
بە گوێرەی ئامارە فەرمییەکان، ساڵی ڕابردوو لە باکووری کوردستان و تورکیا، سێ هەزار و 224 ئاگر کەوتنەوە و بەهۆیانەوە زیاتر لە 81 هەزار هێکتار زەوی کشتوکاڵی و دارستان سووتان.
ئامارەکان دەریدەخەن، لە پێنج ساڵی ڕابردوودا، 14 هەزار و 553 ئاگر لە باکووری کوردستان و تورکیا کەوتوونەتەوە و بەهۆیانەوە 276 هەزار و 780 هێکتار زەوی کشتوکاڵی و دارستان سووتاون.
1 کاتژمێر پێش ئێستا