گرانیى نرخى بەنزین کاریگەرى لەسەر جووڵەى گەشتیاریی هەبووە

ئارام قەرەداغی 2 کاتژمێر پێش ئێستا
سەیرانگاى گەشتیاریی ئەحمەد ئاوا لە پارێزگاى هەڵەبجە
سەیرانگاى گەشتیاریی ئەحمەد ئاوا لە پارێزگاى هەڵەبجە

لە ناوەڕاستى چلەى هاوینداین، ساڵانى ڕابردوو هەر ڕۆژێکى پشوو لەم کاتەدا ناوچە گەشتیارییەکان جمەى دەهات لە گەشتیار، بەڵام ئەمساڵ بەهۆى گرانیی بەنزینەوە، جووڵەى گەشتیارى لە ناوچە گەشتیارییەکان کەمیکردووە.

میوانخانە و چێشتخانەکانى دووکان: هاتنى گەشتیار 40% کەمیکردووە

هەڵگورد نورى، گوتەبێژى میوانخانە و چێشتخانەکانى دووکان بە کەناڵ8ـى ڕاگەیاند، گرانیى نرخى بەنزین هۆکاربووە بۆ کەمبوونەوەى جووڵەى گەشتیارى و ئێستا لە 30% بۆ لە 40% کەمیکردووە.

گرانیى بەنزین گەشتیاریى لە دهۆک کەمکردووەتەوە

هاوکات، خاوەن پرۆژەیەکى گەشتیاریی لە هاوینەهەوارى ئاشەڤا لە دهۆک بە پامێرى کەناڵ8ـى ڕاگەیاند، ئەو گەشتیارانەى هاتوونەتە شوێنە گەشتیارییەکەیان، زۆرینەیان بە ڕەچەڵەک عەرەبن، گرانیى نرخى بەنزین، دۆخى سیاسى، ئەو شەڕەى لە ناوچەکە هەیە، هەموویان کاریگەرییان لەسەر کەمبوونەوەى جووڵەى گەشتیاریی هەبووە.

شوێنێکى گەشتیارى لە زاخۆ: بەهۆى گرانیى بەنزینەوە کەپرەکانمان چۆڵن

خاوەن پرۆژەیەکى گەشتیاریش لە زاخۆ دەڵێت، بەهۆى گرانیى بەنزینەوە زۆرینەى کەپرە گەشتیارییەکانیان چۆڵن.

گەشتیارێک لە هەڵەبجە: گەشتیارى کورد بەهۆى گرانیى بەنزینەوە گەشت ناکات

لە ئەحمەد ئاواى پارێزگاى هەڵەبجە، گەشتیارێکى کورد دەڵێت، گرانیى نرخى بەنزین و گۆشت وایکردووە کەس گەشت نەکات.

گەشتیارێکى عەرەب: لە هەرێمى کوردستان بەنزین گرانە

هەر لەو سەیرانگایە گەشتیارێکى عەرەب دەڵێت، لە هەرێمى کوردستان نرخى بەنزین زۆر گرانە و داوا دەکات، حکومەتى کاربەڕێکەر نرخەکان هەرزان بکات.

ئارام قەرەداغی

2 کاتژمێر پێش ئێستا