عەلى زەیدى بۆ چوارچێوەى هەماهەنگى: ئامادەم دەستلەکاربکێشمەوە

رێبوار حەمەوەیس 4 کاتژمێر پێش ئێستا
کۆبوونەوەیەکی چوارچێوەی هەماهەنگی
کۆبوونەوەیەکی چوارچێوەی هەماهەنگی

عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، نیگەرانە لە بارودۆخی ئێستا و لە نامەیەکدا بۆ چوارچێوەی هەماهەنگی، هەڕەشەی دەستلەکارکێشانەوەی کردووە ئەگەر بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ دۆسیەکاندا بەدەنگییەوە نەیەن و هەماهەنگی لەگەڵ نەکەن.

هەڵوێستی سەرۆکوەزیران بەرامبەر بەردەوامیی دۆخەکە

سەرچاوەیەکی نزیک لە چوارچێوەی هەماهەنگی لەبارەی هەڵوێستی سەرۆکوەزیرانەوە بۆ کەناڵ8ـی ڕاگەیاند، سەرۆکوەزیران نیگەرانە لەم بارودۆخە، بە چوارچێوەی هەماهەنگی ڕاگەیاندووە، ئەگەر دۆخەکە وەک ئێستا بەردەوام بێت و چارەسەر نەکرێت، ئامادەیە دەستلەکاربکێشێتەوە.

دابەشبوونی سەرکردەکانی شیعە لەسەر سەردانی سعودیە

بەگوێرەی ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانییەکان، لە دوایین کۆبوونەوەی چوارچێوەی هەماهەنگی، کە ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو دوای هێرشەکانی ئەمریکا و سعودیە بۆ سەر پێگەکانی حەشدی شەعبی بەڕێوەچوو، سەرکردەکانی شیعە لەبارەی سەردانی زەیدی بۆ سعودیە بەسەر دوو بەرەدا دابەشبوون، بەجۆرێک 6 سەرکردەیان داوایان کردووە سەردانەکە بەیەکجاری هەڵبوەشێنرێتەوە، 6 سەرکردەی دیکەش لەگەڵ ئەوەدابوون سەردانەکە دوابخرێت.

نیگەرانی لە فشارەکان و جێبەجێکردنی بڕیارەکان

بەگوێرەی زانیارییەکانسەرۆکوەزیرانی عێراق لەبارەی فشارەکانەوە ڕایگەیاندووە، نیگەران بووە لەو فشارانەی لەسەری دروستکراون و هەڕەشەی دەستلەکارکێشانەوەی کردووە ئەگەر ڕێز لە بڕیارەکانی ئەنجوومەنی وەزیران و ئەنجوومەنی وەزاری بۆ ئاسایشی نیشتمانی نەگیرێت.

داواکاری بۆ جێبەجێکردنی بەڵێنەکان و چەکداماڵین

سەرۆکوەزیران لەبارەی جێبەجێکردنی بەڵێنەکانەوە داوای لە سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی کردووە، کە پابەندی بەڵێنەکانیان بن و هەماهەنگ بن لە جێبەجێکردنی دۆسیە هەستیارەکان، لەوانەش پەلەکردن لە چەکداماڵینی گرووپە چەکدارەکان.

وادەی ڕادەستکردنی چەکی گرووپەکان

زەیدی لەبارەی وادەی ڕادەستکردنی چەکەوە ئاماژەی بەوەشکردووە، ڕێککەوتنی پێشوەختە هەیە و دەبێت گرووپە چەکدارەکان تاوەکو 30ی ئەیلوول چەکەکانیان ڕادەستبکەن.

هەڵپەساردنی سەردانی سعودیە بەهۆی هێرشە ئاسمانییەکانەوە

لەبارەی سەردانە دەرەکییەکان و دواخستنی سەردانی سعودیە، عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، دوای سەردانی ئەمریکا و ئێران و تورکیا، بڕیاربوو ڕۆژی پێنجشەممە 30ی تەمووز سەردانی سعودیە بکات، بەڵام هێرشێکی ئاسمانیی ئەمریکا و سعودیە بۆ سەر پێگەکانی حەشدی شەعبی لە بەرەبەیانی ڕۆژی 27ی مانگ، زەیدی ناچار کرد سەردانەکە هەڵپەسێرێت.

هەڵوێستی گرووپە چەکدارەکان بەرامبەر بە چەکدانان

لە پرسی چەکدانانی گرووپەکانیش، پرۆسەکە دووچاری چەقبەستوویی هاتووە و تەنیا گرووپەکانی سەرایا سەلام، عەسائیبی ئەهلی حەق و کەتیبەکانی ئیمام عەلی هەنگاوەکانیان بۆ جیابوونەوە لە دەستەی حەشدی شەعبی ناوە و تێکەڵبوون بە دامەزراوەکانی دەوڵەت، بەڵام کەتیبەکانی حیزبوڵا، بزووتنەوەی نوجەبا و کەتیبەکانی سەیدولشوهەدا ڕەتیانکردەوە چەکەکانیان ڕادەستبکەن.

دژایەتیکردنی ئاشکرای سەرۆکوەزیران لەلایەن گرووپەکانەوە

لەدوای هێرشەکانی ئەمریکا و سعودیە، گرووپە چەکدارەکان بە ئاشکرا دژایەتیی عەلی زەیدی دەکەن و ڕەتیدەکەنەوە چەک دابنێن.

ناتەواویی کابینەی حکومەت و وەزارەتە بەتاڵەکان

هەروەها لە پرسی تەواوکردنی کابینەی حکومەتەکەشی، تاوەکو ئێستا 9 وەزارەتی کابینەکەی بە بەتاڵی ماونەتەوە و لە کۆی 23 وەزیر، تەنیا 14 وەزیر متمانەیان وەرگرتووە.

رێبوار حەمەوەیس

4 کاتژمێر پێش ئێستا