وردەکاریی ڕێککەوتنی چەکداماڵینی بزووتنەوەی حەماس و کشانەوەی ئيسرائيل غەززە
بزووتنەوەی حەماس گەیشتنی بە ڕێککەوتنی چەکداماڵین لە بەرامبەر کشانەوەی هێزەکانی ئیسرائیل لە کەرتی غەززە ڕاگەیاند، بەرپرسانی بزووتنەوەکەش ئاماژە بەوە دەکەن تاوتوێکردنی وردەکاری و میکانیزمەکانی جێبەجێکردنی پرۆسەکە زیاتر لە 14 ڕۆژ دەخایەنێت تاوەکو لەسەر چۆنییەتی جێبەجێکردنی پرۆسەکە و کاتەکەی ڕێکدەکەون و بەستراوەتەوە بە پابەندبوونی تەواوی ئیسرائیلەوە.
چەکدانان بۆ کشانەوە
ڕێککەوتنی نوێی نێوان ئیسرائیل و حەماس بریتییە لە چەکدانانی بزووتنەوەکە و لە بەرامبەر کشانەوەی قۆناغ بە قۆناغی ئیسرائیل لە خاکی غەززە.
قۆناغی یەکەمی ئاگربەستەکە
پرسی چەکدانانی حەماس یەکێک بوو لە بڕگە ئاڵۆزەکانی ڕێککەوتنی ئاگربەستی ئەو دوو لایەنە لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی ڕابردوو، قۆناغی یەکەمی ڕێککەوتنەکە بریتی بوو لە ئازادکردنی دوایین بارمتە ئیسرائیلییەکان کە لەلایەن حەماسەوە دەستبەسەرکرابوون لە بەرامبەر ئازادکردنی ئەو زیندانییە فەڵەستینییانەی کە لەلایەن ئیسرائیلەوە دەستگیرکرابوون.
چەقبەستوویی قۆناغی دووەمی ڕێککەوتنەکە
قۆناغی دووەم بریتی بوو لە چەکداماڵینی حەماس و کشانەوەی وردە وردەی هێزەکانی ئیسرائیل لە غەززە، بەڵام بۆ چەند مانگێک ڕێککەوتنەکە چەقی بەستبوو و ئەم هەنگاوە نەکەوتە بواری جێبەجێکردنەوە.
بەردەوامیی هێرشەکان و قوربانییەکانی غەززە
سەرباری ئاگربەستەکەش هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە بە بیانووی لەناوبردنی چەکدارانی حەماس بەردەوام بوو، بەگوێرەی ئامارەکانی تەندروستیی غەززە لەو ماوەیەدا زیاتر لە هەزار کەس کوژراون.
ماوەی دانوستانەکان بۆ گەیشتن بە بڕیار
بەرپرسانی حەماس لەبارەی ماوەی دانوستانەکانەوە ڕایانگەیاند، نزیکەی 6 مانگە لە دانوستاندان تاوەکو گەیشتوونەتە بڕیاری چەکدانان.
ئامانجی حەماس لە ڕێککەوتنی چەکدانان
غازی حەمەد ئەندامی مەکتەبی سیاسیی حەماس و ئەندامی شاندی دانوستانکاری بزووتنەوەکە لەبارەی ئامانجی ڕێککەوتنەکەوە ڕایگەیاند، ئەو بڕیارەیان لە پێناو گەلی فەڵەستین لە کەرتی غەززە داوە بۆ ئەوەی لە کوشتن و ئاوارەبوون ڕزگاریان بکەن.
سەرپەرشتیکردنی پرۆسەی چەکداماڵین
غازی حەمەد لەبارەی شێوازی جێبەجێکردنی پرۆسەکەوە ڕایگەیاند، پرسی چەکدانان پەیوەستە بە کشانەوەی ئیسرائیل و هاتنە ناوەوەی لیژنەی نیشتمانی و ئاوەدانکردنەوە، ئیسرائیلیش دەستوەردان لە پرسی داماڵینی چەکدا ناکات، لیژنەی نیشتمانیش ئەو لایەنەیە کە ئەم ئەرکە لە ئەستۆ دەگرێت.
تاوتوێکردنی وردەکارییەکان لەگەڵ ناوبژیوانان
ئەو ئەندامەی شاندی دانوستانکاری حەماس لەبارەی گفتوگۆکانی لەگەڵ ناوبژیوانەکاندا گوتی، ئێستا حەماس لەگەڵ ناوبژیوانەکاندا وردەکارییەکانی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە تاوتوێ دەکات، لەسەر کاتی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە ڕێکدەکەون.
میکانیزم و کاتی پێویست بۆ پرۆسەکە
غازی حەمەد لەبارەی کات و میکانیزمی پرۆسەکەوە گوتیشی، پرۆسەکە نزیکەی 14 ڕۆژ یان ڕەنگە زیاتریش بخایەنێت، دەبێت لەسەر چۆنییەتی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە و کاتەکەی و میکانیزمەکانی ڕێکبکەون.
جەختکردنەوە لەسەر پابەندبوونی ئیسرائیل
غازی حەمەد، ئەندامی شاندی دانوستانکاری حەماس لەبارەی پابەندبوونی لایەنەکانەوە باسی ئەوەیکرد، دەقی ڕێککەوتنەکە ڕوون و ئاشکرایە، ئیسرائیل دەبێت پابەند بێت و دەبێت جێبەجێی بکات، ئەگەر جێبەجێی نەکات ئەوانیش جێبەجێ ناکەن.
3 کاتژمێر پێش ئێستا