ئێران: هێرشمان کردە سەر 2 کەشتیی نەوتهەڵگر لە گەرووی هوورمز

سامیا حەسەن 2 کاتژمێر پێش ئێستا
کەشتییەک لە گەرووی هوورمز کە هێرشکراوەتە سەری
کەشتییەک لە گەرووی هوورمز کە هێرشکراوەتە سەری

سوپای پاسدارانی ئێران بە ئامانجگرتنی دوو کەشتیی نەوتهەڵگری لە گەرووی هوورمز ڕاگەیاند و هۆشداریش دەداتە کۆمپانیاکانی کەشتیوانی کە بە بێ مۆڵەت و لە ڕێڕەوە "نایاساییەکانەوە" هاتوچۆ نەکەن، چونکە هەر هەوڵێکی لەو شێوەیە ڕووبەڕووی هێرشی هێزە چەکدارەکانی ئێران دەبێتەوە و داوایکردووە، نەکەونە ژێر کاریگەریی بانگەشەکانی سێنتکۆم.

بە ئامانجگرتنی کەشتییەکان لە گەرووی هوورمز

سوپای پاسدارانی ئێران لەبارەی بە ئامانجگرتنی دوو کەشتیی نەوتهەڵگرەوە ڕایگەیاند، ئەمڕۆ دەو کەشتیی نەوتهەڵگریان لە گەرووی هوورمز کردووەتە ئامانج کە ویستوویانە بە "ڕێڕەوێکی نایاسایی" بە گەرووەکەدا تێپەڕن.

هۆکاری هێرشکردنە سەر کەشتییەکان

پەیوەندییە گشتییەکانی سوپای پاسدارانی ئێران لە ڕاگەیێنراوێکدا سەبارەت بە هۆکاری هێرشەکە ڕایگەیاند، دەو کەشتییە نەوتهەڵگرەکە لەژێر کاریگەریی بانگەشەکانی سێنتکۆم ویستوویانە بە ڕێگای نایاسایی بە گەرووەکە تێپەڕن، بەڵام کراونەتە ئامانج.

پاشەکشەی کەشتییەکانی دیکە لە ناوچەکە

سوپای پاسدارانی ئێران لەبارەی گۆڕینی ڕێڕەوی کەشتییەکانی دیکەوە دەشڵێت، جگە لەو دوو کەشتییە چوار کەشتیی دیکە ویستوویانە بە هەمان ڕێڕەو گەرووەکە تێپەڕن، بەڵام دوای بە ئامانجگرتنی ئەو 2 کەشتییە، ئەوانیش ڕێڕەوەکانیان گۆڕیوە و گەڕاونەتەوە شوێنی خۆیان.

هۆشداریی توند بە کۆمپانیاکانی کەشتیوانی

لە ڕاگەیێنراوەکەی سوپای پاسدارانی ئێراندا هاتووە، هێزە چەکدارەکانی ئێران کۆمپانیاکانی کەشتیوانییان ئاگادار کردووەتەوە کە گوێ بە بانگەشەکانی سێنتکۆم نەدەن و هەوڵی تێپەڕبوون بەو ڕێڕەوە نایاساییە نەدەن کە ئەمریکا لە گەرووەکە دروستی کردووە.

مەرجی تێپەڕبوون لە گەرووی هوورمز

سوپای پاسدارانی ئێران لەبارەی تێپەڕینی بێ مۆڵەت جەخت دەکاتەوە، هەر کەشتییەک بیەوێت بێ مۆڵەتی ئەوان گەرووەکە تێپەڕێنێت، ڕووبەڕووی هێرشی لەو جۆرە دەبێتەوە.

سامیا حەسەن

2 کاتژمێر پێش ئێستا