سەرۆککۆماری عێراق لە ساڵیادی جینۆسایدی بارزانییەکاندا پەیامێکی بڵاوکردەوە
نزار ئامێدی، سەرۆککۆماری عێراق، (ئەمڕۆ هەینی، 31ی تەمووزی 2026) بە بۆنەی ساڵیادی جینۆسایدی بارزانییەکان پەیامێکی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (X)بڵاوکردەوە و گوتی، ئەو جینۆسایدەی لەلایەن ڕژێمی دیکتاتۆرییەوە دەرهەق بە بارزانییەکان ئەنجام درا یەکێک لە زنجیرە تاوانە قێزەوەکانی ڕژێمی پیشوو بوو دژ بە ڕۆڵەکانی گەلەکەمان. جەختیشی لەوە کردەوە، پاراستنی شکۆی شەهیدان و بەدەستهێنانی دادپەروەری بۆ کەسوکاری قوربانییان وەک بەرپرسیارێتییەکی مێژوویی و نیشتمانییە کە هەرگیز لەبیر ناکرێت.
کۆمەڵکوژیی بارزانییەکان ئەڵقەیەکە لە زنجیرە تاوانەکانی ڕژێم
لە پەیامەکەی سەرۆککۆماری عێراق دا بە بۆنەی ساڵیادی جینۆسایدی بارزانییەکان هاتووە، "ئەمڕۆ ساڵیادی ئەو کۆمەڵکوژییەیە کە ڕژێمی ستەمکار دەرهەق بە بارزانییەکان ئەنجامی دا؛ ئەو تاوانە قێزەونەی کە هەزاران قوربانیی لێکەوتەوە و ئەڵقەیەک بوو لە زنجیرە تاوانە درێژەکانی دژ بە ڕۆڵەکانی گەلەکەمان، لە شاڵاوەکانی ئەنفالەوە تا کیمیابارانکردنی هەڵەبجە و ئەو هەموو کارەساتانەی دیکەی کە ستەمکاری بەجێی هێشتن".
وەفاداری بۆ خوێنی شەهیدان و چەسپاندنی دادپەروەری
لە کۆتایی پەیامەکەی نزار ئامێدی، سەرۆککۆماری عێراق دا هاتووە، "ئەمڕۆ بە شکۆوە یادی گیانی پاکی سەرجەم شەهیدان دەکەینەوە و وەک وەفایەک بۆ قوربانییەکانیان سەری ڕێز و نەوازش دادەنەوێنین؛ جەختیش دەکەینەوە کە بەدەستهێنانی دادپەروەری بۆ قوربانییان و پاراستنی یادیان، بەرپرسیارێتییەکان، کە بە تێپەڕبوونی کات کۆن نابن و لەناو ناچن".
2 کاتژمێر پێش ئێستا