وەزارەتى کارەبا: 7 هەزار مێگاوات بۆ ناو تۆڕى نیشتمانى زیاد دەکەین
وەزارەتی کارەبای عێراق پلانێکی ستراتیژی بۆ زیادکردنی حەوت هەزار مێگاوات و گەیاندنی ئاستی بەرهەمهێنان بە 35 هەزار مێگاوات تاوەکو ساڵی 2030 ڕاگەیاند؛ ئەم پلانە لەڕێگەی پەرەپێدانی وزەی خۆر و بەستنەوەی کارەبای وڵاتانی دراوسێ جێبەجێ دەکرێت، بە ئامانجی کۆتاییهێنان بە قەیرانی وزە و کەمکردنەوەی بەفیڕۆچوونی کارەبا لە سەرتاسەری وڵاتدا.
ئامانجەکانی بەرنامەی کارەبای حکوومەت
ئەحمەد جیاد، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبا لەبارەی ئامانجەکانی بەرنامەی حکوومەت بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی ڕاگەیاند، پلانی وەزارەت لە چوارچێوەی بەرنامەی حکوومەتدا ئامانجی زیادکردنی نزیکەی 7 هەزار مێگاواتە بۆ ناو تۆڕی نیشتمانی، بۆ ئەوەی تاوەکو ساڵی 2030 بەرهەمهێنانی کارەبا بگاتە 35 هەزار مێگاوات.
پێنج تەوەرە سەرەکییەکەی پلانی وەزارەت
گوتەبێژی وەزارەت لەبارەی تەوەرەکانی جێبەجێکردنی پلانەکە ئاماژەی بەوەش کرد، ئەم پلانە لەڕێگەی 5 تەوەرەوە جێبەجێ دەکرێت، کە سێ تەوەریان بۆ نۆژەنکردنەوە و بەرزکردنەوەی توانانی بەرهەمێھێنانە و بریتین لە:
- فراوانکردن و دروستکردنی وێستگەی نوێی بەرهەمهێنان
- تەواوکردنی پڕۆژە پەککەوتووەکان
- گۆڕینی ژمارەیەک لە وێستگەکان بە مەبەستی بەرزکردنەوەی توانای بەرهەمهێنانیان.
فراوانکردنی پڕۆژەکانی وزەی نوێبووەوە
گوتەبێژی وەزارەتی کارەبا لەبارەی پەرەپێدانی وزەی خۆر و تۆڕەکان ڕوونیکردەوە، پلانەکە لە خاڵی 4ـدا باس لە:
- فراوانکردنی پڕۆژەکانی وزەی خۆر
- پەرەپێدانی تۆڕەکانی گواستنەوە و دابەشکردن دەکات.
- ئەوانەش بۆ ئەوەیە بەرگەی بڕە بەرهەمهێنراوە نوێیەکان بگرن و بەفیڕۆچوونی وزە کەم بکەنەوە.
دابینکردنی غاز و سەقامگیریی وێستگەکان
ناوبراو لەبارەی دابینکردنی سووتەمەنی و غاز جەختیشی لەسەر ئەوە کردەوە، پلانی وەزارەت پشت بە دوو ڕێڕەوی تەریب دەبەستێت:
یەکەم؛ زیادکردنی سوودوەرگرتن لە غازی ناوخۆیی لە ڕێگەی پڕۆژەکانی وەبەرهێنانی غازی هاوەڵ و کەمکردنەوەی سووتاندنی.
دووەم؛ جەخت لەسەر هەمەجۆرکردنی سەرچاوەکانی سووتەمەنی و غاز دەکاتەوە لەڕێگەی هاوردەکردنی غاز لە چەند سەرچاوەیەکی جیاواز، کە ئەمەش بۆ گرەنتیکردنی سەقامگیری لە کارکردنی وێستگەکان و بەهێزکردنی ئاسایشی وزە لە عێراق.
بەستنەوەی کارەبای عێراق بە وڵاتانی دراوسێ
گوتەبێژی وەزارەتی کارەبا لەبارەی پڕۆژەکانی بەستنەوەی کارەبا ئاماژەی بەوەش کرد، پڕۆژەکانی بەستنەوەی کارەبای وڵاتانی دراوسێش، بەشێکن لە دیدگای وەزارەت بۆ بەدیهێنانی ئاسایشی وزە، کە بەستنەوە بە وڵاتانی ئەنجوومەنی هاریکاریی کەنداو، سعوودیە، ئوردن و تورکیا دەگرێتەوە.
2 کاتژمێر پێش ئێستا