یەک لیتر بەنزینی سوپەر لە هەولێر 2000 دیناری تێپەڕاند

جەبار حسین 2 کاتژمێر پێش ئێستا
نرخی جۆرەکانی بەنزین و سوتەمەنییەکانی دیکە لەسەر تابلۆی یەکێک لە بەنزینخانەکانی شاری هەولێر
نرخی جۆرەکانی بەنزین و سوتەمەنییەکانی دیکە لەسەر تابلۆی یەکێک لە بەنزینخانەکانی شاری هەولێر

بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی لە شاری هەولێر گەیشتە ئاستێکی پێوانەیی و یەک لیتر بەنزینی سوپەر بەربەستی 2 هەزار دیناری تێپەڕاند، ئەمەش لە کاتێکدایە هەوڵەکانی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان بۆ جێگیرکردنی نرخەکان و کۆنترۆڵکردنی بازاڕ بێئاکام بوون و قەیرانەکە لە شارەکانی دیکەی هەرێمی کوردستانیش بەرەو قووڵبوونەوەی زیاتر دەچێت.

بێکاریگەریی بڕیارەکانی لایەنە پەیوەندیدارەکان

تاوەکو دێت قەیرانی بەنزین لە هەرێمی کوردستان قووڵتر دەبێتەوە و سەرەڕای بڕیارەکانی حکومەتی کاربەڕێکەر و وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە و ڕێگریکردن لە بەرزبوونەوەی نرخەکان، بەڵام نرخەکان بەردەوامن لە بەرزبوونەوە.

نرخە نوێیەکانی بەنزین لە بازاڕدا

لە ئەمڕۆوە لە شاری هەولێر نرخەکان زیاتر بەرز بوونەتەوە و یەک لیتر بەنزینی نۆرماڵ بە 1 هەزار و 175 دینار، موحەسەن بە 1 هەزار و 300 دینار و سوپەر بە 2 هەزار و 25 دینار بە شۆفێران فرۆشرا.

شکستی هەوڵەکانی جێگیرکردنی نرخ

لە سەرەتای ئەم مانگەوە نرخی بەنزین بە شێوەیەکی بەرچاو بەرز بووەوە، لە 20ـی تەممووزی 2026، وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان نرخی بەنزینی حکومیی بە 750 و بازرگانیی بە 850 دینار جێگیر کرد، بەڵام بڕیارەکە لە زۆربەی بەنزینخانەکان جێبەجێ نەکرا.

کاریگەرییە پێچەوانەکانی بڕیارە نوێیەکان

لە 22ـی تەممووز، وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان نرخێکی دیکەی سەپاند کە تێیدا لیتری موحەسەن بە یەک هەزار دینار و سوپەر بە دوو هەزار و 200 دینار دیاریکرا. بەڵام ئەم بڕیارە ئەنجامی پێچەوانەی هەبوو، چونکە دوای دەرچوونی بڕیارەکە، هەردوو جۆری بەنزینی موحەسەن و سوپەر لە زۆربەی بەنزینخانەکانی هەولێر و دهۆک دیار نەمان و قەیرانەکە قووڵتر بووەوە.

جەبار حسین

2 کاتژمێر پێش ئێستا