بەربژێرە بەهێزەکانی خەڵاتی گۆڵدن بۆی...کوبارسی دڵخوازترینە
لە دوای تەواوبوونی مۆندیال و نزیکبوونەوە لە دەستپێکردنەوەی خولە گەورەکانی ئەورووپا، هاوکات خەڵاتە تاکە کەسییەکان نزیکتر دەبنەوە.
یەکێک لەو خەڵاتانەش خەڵاتی گۆڵدن بۆیە کە تایبەت بە باشترین یاریزانی لاوی وەرزی ڕابردوو بۆ خوار تەمەنی 21 ساڵ.
ئەستێرە لاوەکانی ئەمساڵ
- پاو کوبارسی - یاریزانی هەڵبژاردەی ئیسپانیا و یانەی بەرشلۆنە
- یان دیۆماندێ - یاریزانی هەڵبژاردەی کۆتدیڤوار و یانەی لایپزیگ
- زەیر ئێمری - یاریزانی هەڵبژاردەی فەڕەنسا و یانەی پاریس سانجێرمان
- لینارت کارل - یاریزانی هەڵبژاردەی ئەڵمانیا و یانەی بایرن میونشن
- ئێستێڤاو - یاریزنای هەڵبژاردەی بەڕازیل و یانەی چێڵسی
کوبارسی بەهێزترین بەربژێرە
پاو کوبارسی، یاریزانی لاوی هەڵبژاردەی ئیسپانیا بە درێژایی مۆندیالی 2026 یەکێک بوو لەو ئەستێرانەی چایو زۆری لەسەر بوو، ئەم بەرگریکارە لاوە بە ئاستە بەرزەکەی سەرنجی تەواوی خەڵکی بەلای خۆیدا ڕاکێشابوو.
کوبارسی بۆ هەڵبژاردەی 8 یاریی کرد، بە درێژایی 750 خولەک یارییکردن بە ڕێژەی ٪96 پاسەکانی درووستبوون، 29 جاریش تۆپی گەڕاندووەتەوە، 8 چانسی درووستکردووە، کە زۆرترین بوو لەسەر ئاستی بەرگریکارەکان.
تەنانەت نازناوی مۆندیالیشی بردەوە لەگەڵ هەڵبژاردەی ئیسپانیا، ئەمەش وادەکات بەهێزترین بەربژێر بێت بۆ بردنەوەی خەڵاتەکە.
وەرزی ڕابردووش دیزێرێ دوێ، یاریزانی پاریس سانجێرمان توانی خەڵاتەکە بباتەوە، کاتێک سیانەی نازناوەکانی لەگەڵ یانە فەڕەنسییەکە بردەوە.

1 کاتژمێر پێش ئێستا