داهاتووی ڤینیسیۆس جونیۆر یەکلایی دەبێتەوە
ڕاپۆرتە میدیاییەکان ئاماژە بەوە دەکەن، کە داهاتووی ڤینیسیۆس جونیۆر، ئەستێرەی یانەی ڕیاڵ مەدریدی ئیسپانی، لە چەند ڕۆژی داهاتوودا یەکلایی دەبێتەوە، ئەوەش لە کاتێکدایە دەنگۆی ئەوە هەیە یانەی ئارسیناڵی پاڵەوانی وەرزی ڕابردوو خولی ئینگلیزی گرنگییەکی زۆر بە گواستنەوەی ئەو یاریزانە دەدات.
ماڵپەڕی زە ئەتلەتیک بڵاویکردووەتەوە، کە بڕیارە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا دانوستانەکان بەڕێوەبچن، لە کاتێکدا ڕۆژنامەی مارکای ئیسپانی ئاماژەی بەوە کردووە ڕیاڵ مەدرید یاریزانە نێودەوڵەتییە بەڕازیلییەکەی ئاگادار کردووەتەوە، پێشنیازەکەیان بۆ درێژکردنەوەی گرێبەستەکەی وەک خۆی دەمێنێتەوە و گۆڕانکاری تیادا ناکەن.
ڤینیسیۆس جونیۆری تەمەن 26 ساڵ، لە ساڵی 2018وە یاری بۆ ڕیاڵ مەدرید دەکات و گرێبەستەکەشی تا ساڵی 2027 بەردەوامە. سەرەڕای ئەوەش، ڕیاڵ مەدرید نایەوێت ساڵی داهاتوو بەخۆڕایی یانەکە جێبهێڵێت و ئامادەیە هەر لەم وەرزەدا ڕێگەی پێبدات بڕوات ئەگەر نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی ڕەتبکاتەوە.
ڤینیسیۆس یاریزانێکی سەرەکییە لە هێڵی هێرشبەری یانەکەدا، کە کیلیان ئێمباپێی فەرەنسیش لەخۆدەگرێت، هەروەها جۆزێ مۆرینیۆی ڕاهێنەری نوێی ڕیاڵ مەدرید، ئارەزوو دەکات لەگەڵیدا کار بکات.
لە کۆتاییشدا ڕاپۆرتەکان باسیان لەوە کردووە، ئارسیناڵ ئامادەباشیی تەواوی هەیە و لە ئەگەری ئەوەی یاریزانە بەڕازیلییەکە بخرێتە بازاڕی گواستنەوەوە، ئامادەیە گەورەترین گرێبەست لە مێژووی یانەکەدا پێشکەشی ئەو یاریزانە بکات.
2 کاتژمێر پێش ئێستا