سەرۆکی فیفا خۆی خستووەتە دۆخێکی خراپەوە
قەیرانێکی لەناكاوی فیدراسیۆنی تۆپی پێی جیهانی کۆمەڵگەی تۆپی پێی جیهانی هەژاندووە، دوای ئەوەی پڕۆژەکەی جیانی ئینفانتینۆی سەرۆکی فیفا، بۆ فرۆشتنی پشکی بەشێک لە پاڵەوانێتییەکانی جامی جیهانی بە وەبەرهێنەرانی کەرتی تایبەت ناڕەزایەتیی گشتیی لێکەوتەوە، کارلۆس کۆردێرۆی ڕاوێژکاری فیدراسیۆنی تۆپی پێی جیهانی دەستی لە کار کێشایەوە، لە کاتێکدا ژمارەی ئەو وڵات و یەکێتییانەی دژایەتیی پڕۆژەکەیان دەکرد، زیاتر لە نیوەی ئەندامانی فیفا بوون.
- ئینفانتینۆ بە پڕۆژەی فرۆشتنی پشکەکانی مۆندیال و پاڵەوانێتییە جیهانییەکان پەشیمان بووەوە
- کارلۆس کۆردێرۆی ڕاوێژکاری ئینفانتینۆ وەک ناڕەزایەتییەک دەستی لەکارکێشایەوە
- هیچ وڵاتێکی ئەورووپا و کۆنمیبوڵ بە پڕۆژەکەی فیفا ڕازی نەبوون
- فیفا ویستی کۆمپانیایەک دابمەزرێنێت و 20 لەسەدی کۆمپانیاکە بە وەبەرهێنەران بفرۆشیت
بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی «تێلیگراف»ـی بەریتانی، ئەم بارودۆخە وای لە کەسایەتییە باڵاکانی جیهانی تۆپی پێ کردووە پڕۆژەکە بە «کۆتاییهاتوو» لەقەڵەم بدەن.
کۆردێرۆ لە کاتی پێشکەشکردنی دەستلەکارکێشانەوەکەیدا وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر ئەم پێشنیازە جەختی لەوە کردەوە کە هیچ بەشدارییەکی لە داڕشتنیدا نەکردووە و بە تەواوی دژایەتیی دەکات.
ئەورووپا دژی پێشنیازەکە بوو
هاوکات پلانەکەی ئینفانتینۆ گورزێکی کوشندەی دیکەی بەرکەوت دوای ئەوەی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئاسیا بە فەرمی چووە پاڵ فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەورووپا و فیدراسیۆنی ئەمریکای باکوور و ناوەڕاست و کاریبی لە ڕەتکردنەوەی پڕۆژەکەدا.
بەرپرسێکی باڵای تۆپی پێ لە لێدوانێکدا بۆ ڕۆژنامەی «تێلیگراف» ئەم هەڵوێستەی یەکێتیی تۆپی پێی ئاسیای بە گورزی کۆتایی بۆ پڕۆژەکە وەسف کرد، بۆیە ئینفانتینۆ دواجار لە ڕێگەی ڕاگەیەندراوێکی فەرمییەوە ڕایگەیاند: «پڕۆژەکەی ڕەتکردووەتەوە و وەک پێشنیاز نایخاتە بەردەم ئەندامەکانی، چونکە بووەتە هۆی لێکترازانی ئەندامانی فیدراسیۆنی جیهانی و ئەوان نایانەوێت هەڵەیەکی لەو جۆرە بکەن.»
بڕیاریشە لە 18ـی مانگی ئازاری 2027 هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی فیفا بکرێت، چاوەڕوان دەکرێت وڵاتانی ئەورووپا دژایەتی و ڕکابەرییەکی توندی ئینفانتینۆ بکەن و بەربژێریان هەبێت، هاوکات ئەگەرێکی دیکەش ئەوەیە بەهۆی ئەم پێشنیازەوە پێشوەختە ئینفانتینۆ ناچار بە دەستلەکارکێشانەوە بکرێت.
53 خولەک پێش ئێستا