شابۆڤالۆڤ گەیشتە یاریی کۆتایی لۆس کابۆس
شابۆڤالۆڤی کەنەدی درێژەی بە ئەنجامە سەرنجڕاکێشەکانی دا لە پاڵەوانێتیی لۆس کابۆس بۆ تێنسی سەر زەوی، دوای ئەوەی سەرکەوتنێکی گرنگی بەرامبەر کامێرۆن نۆریی بەریتانیدا تۆمار کرد، یارییەکەی بە ئەنجامی 6-3 و 5-7 و 6-4 بردەوە و بلیتێکی یاریی پاڵەوانێتییەکەی مسۆگەر کرد.
- دووەم جارە شابۆڤالۆڤ دەگاتە یاریی کۆتایی لۆوس کابۆس
- سێرڤە هونەرییە ناوازەکانی شابۆڤالۆڤ ئەنجامەکەی یەکلایی کردەوە
- شابۆڤالۆڤ لە یاریی کۆتاییدا بەرامبەر ئارسەر جیای فەرەنسی یاری دەکات
ئەم یاریزانە کەنەدییە کە لە یەکەم بەشداریکردنی لە وەرزی ڕابردوو بووە پاڵەوان، جارێکی دیکە توانی خۆی بگەیەنێتە یاریی کۆتایی دوای ئەوەی ململانێیەکی بەهێزی نۆری کرد و یارییەکەیان دوو کاتژمێر و 40 خولەکی خایاند.
شابوڤالۆڤ: دەمزانی نۆری چەند بەهێزە
لە لێدوانێکدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی ڕابیتەی یاریزانە پیشەگەرەکانی تێنس، شابۆڤالۆڤ دەڵێت: «سێرڤەکانی ئەمڕۆم بەرامبەر نۆری زۆر ناوازە بوون، دەشمزانی بەرامبەر یاریزانێکی وەک نۆری پێویستم بەم ئاستەیە و ئەو بە ئاسانی خاڵ بە ڕکابەرەکەی نادات، بۆیە دەمویست سێرڤەکانم بە وردییەکی بەرز و بۆ شوێنە ناڕەحتەکان ئاڕاستە بکەم.»
شابۆڤالۆڤ دەڵێت: «زۆر دڵخۆشم، یارییەکی زۆر قورس بوو و ئێستاش تەنیا پێویستم بە پشوو و خەوتنە.»
لە یاریی کۆتاییدا، شابۆڤالۆڤ ڕووبەڕووی ئارسەر جیای فەرەنسی دەبێتەوە کە توانیبووی لە چاکلام کۆلمانی یاریزانی هۆنگ کۆنگ بباتەوە، ئەمەش یەکەم جارە جیا بگاتە یاریی کۆتایی لە پاڵەوانێتییەکانی ڕابیتەی یاریزانە پیشەگەرەکاندا.
2 کاتژمێر پێش ئێستا