کچە بلۆگەرێکى ئێرانى کارمەندی دەروازەیەکی سنووری ڕەوانەی لێکۆڵینەوە کرد
پووختەی هەواڵ
- وەزارەتی ناوخۆیی عێراق هاتۆتە سەر خەت
- کچە بلۆگەرێکى ئێرانى خۆى مۆرى پاسپۆرتەکەى دەکات
- گرتەکە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی عێراقی تەنیووە
- لیژنەی لێکۆڵینەوە لەسەر کارمەندەکەى دەروازەى زڕباتییە پێکهێنراوە
بە گوێرەی ئەو گرتە ڤیدیۆییەی گەیشتووە کەناڵ8، کچە بلۆگەرێکى ئێرانى کە لە دەروازەى زڕباتییە بەدەستى خۆى مۆرى هاتنەناو عێراق لە پاسپۆرتەکەى دەدات، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانى عێراقى تەنیوە، وەزارەتى ناوخۆش لیژنەیەکى لەسەر ئەو کارمەندەى دەروازەکە پێکهێناوە.
دەیان کەس گرتە ڤیدۆییەکەیان بڵاوکردووەتەوە
هاوکات دەیان کەس گرتە ڤیدیۆییەکەیان لە هەژمارەکانیان بڵاوکردووەتەوە و هەندێکیان ڕەخنەیان لە جیاوازى مامەڵەى کارمەندانى ئەمنى لە بازگە و دەروازەکان گرتووە.
وردەکاری ڕووداوەکە
بەگوێرەى ئەو گرتە ڤیدیۆییەى بڵاوکراوەتەوە، کچە بلۆگەرێکى ئێرانى کە پێدەچێت بۆ بەشداری لە چلەى ئیمام حسین هاتبێتە عێراق، لە دەروازەى زڕباتییە، پاسپۆرتەکەى دەداتە دەست کارمەندى بازگەکە تاوەکو مۆرى هاتنەناوەوەى بۆ بکات، بەڵام کارمەندەکە مۆرەکە دەداتە دەست کچە بلۆگەرەکە و خۆى مۆر لە پاسپۆرتەکەى دەدات.
دواتریش کچە بلۆگەرەکە وێنەى خۆى و پاسپۆرتەکەى بڵاوکردووەتەوە.
هاتنە دەنگی وەزارەتی ناوخۆ
ئەم دیمەنە هەرایەکى گەورەى لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دروستکردووە، وەزارەتى ناوخۆش هاتووەتە دەنگ و بە بڕیارى د. حسین عەوادى، بریکارى پێشکەوتووى وەزارەتى ناوخۆ، لیژنەیەک بۆ لێکۆڵینەوە لەگەڵ کارمەندێکى دەروازەى سنوورى زڕباتیە پێکهێنراوە، دواى ئەوەى لە گرتەیەکى ڤیدیۆییدا دەردەکەوێت و ڕێگەی کچە بلۆگەرێکى ئێرانى دەدات بەدەستى خۆى مۆرى هاتنەناو عێراق لە پاسپۆرتەکەى بدات، کە ئەوەش پێچەوانەى ڕێنماییە بەرکارەکانە.
بریکارى وەزارەتى ناوخۆ جەختیکردووەتەوە لە گرتنەبەرى ڕێکارى یاسایی توند لە دژى هەر کارمەندێک کەمتەرخەمى بکات لە جێبەجێکردنى ئەرکە ئەمنییەکانى.
خەڵک دەپرسێت ئەم جیاوازییە بۆچی؟
چەندین کەس گرتەکەیان بڵاوکردووەتەوە و ڕاى خۆیان لەسەر نووسیوە، هاوڵاتییەک لە هەژمارى خۆى لە فەیسبووک نووسیویەتى، چووم بۆ نەجەف لە بازگەى دیوانییە و 10 بازگەى دیکەش دایانگرتم و پشکنیانم و ناسنامەکەیان سکان کردم، بەڵام ئەوەى سەیرە ڕێگە دەدەن کەسانى دیکە بەدەستى خۆیان پاسپۆرتى خۆیان مۆر بکەن، ئەم جیاوازییە بۆچى.
زانیاری زیاتر بۆ تۆ
2 کاتژمێر پێش ئێستا