نیوکاسڵ پێشنیازێکی ئارسیناڵی بۆ گواستنەوەی گیمارایش ڕەتکردووەتەوە

مەبەست عەدنان 2 کاتژمێر پێش ئێستا

بەگوێرەی زانیارییەکانی ئالێکس کروک لە تۆڕی تۆک سپۆرت، یانەی نیوکاسڵ یونایتد ئۆفەرێکی فەرمی یانەی ئارسیناڵی بۆ کڕینی برۆنۆ گیمارایشی بەرازیلی و کاپتنی یانەکەیان ڕەتکردەوە.

ڕەتکردنەوەی ئۆفەرەکە لەلایەن نیوکاسڵەوە لە کاتێکدایە، کە ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن گیمارایش خۆی گوشارێکی زۆر دەخاتە سەر بەرپرسانی یانەکەی بۆ ئەوەی ڕێگەی پێبدەن ڕوو لە یانە لەندەنییەکە بکات و لە سەرەتای ماوەی گواستنەوەی هاوینەوە ناوی بە توندی بە یانەی ئارسیناڵ و یاریگای ئیماراتەوە بەستراوەتەوە.

لەگەڵ ئەوەشدا، هەڵوێستی نیوکاسڵ لە تەواوی ماوەی گواستنەوەکاندا روون و نەگۆڕ بووە و کاپتنەکەیان بۆ فڕۆشتن نییە، جیاواز لەوەی چی بڕە پارەیەکیان پێشکەش دەکرێت.

ئارسیناڵ لەم دواییانەدا هەوڵەکانی بۆ گواستنەوەی یاریزانە بەرازیلییەکە چڕتر کردووەتەوە، بەوپێیەی میکێل ئارتێتای ڕاهێنەر گیمارایش وەک ناوەندکارێکی کامڵ و بەتوانا دەبینێت بۆ کۆنترۆڵکردنی یارییە گەورەکان لە بەرزترین ئاستدا، بەگوێرەی ڕاپۆرتەکان، تەنیا ئۆفەرێک لە دەوروبەری 80 ملیۆن پاوەند دەتوانێت نیوکاسڵ ڕازی بکات، بەڵام تاوەکو ئێستا بڕی تەواوی ئەم دوایین ئۆفەرەی ئارسناڵ کە ڕەتکراوەتەوە ئاشکرا نەکراوە.

مەبەست عەدنان

2 کاتژمێر پێش ئێستا