نۆ ساڵ پێش ئێستا نەیمار دا سیلڤا بووە گرانترین گرێبەست لە مێژووی تۆپی پێ

مەستان حوسامەدین 1 کاتژمێر پێش ئێستا

گواستنەوەی نەیمار دا سیلڤا بۆ یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی لە هاوینی ساڵی 2017، تاوەکو ئێستاش کە ساڵی 2026ـە وەک گرانبەهاترین گواستنەوە لە مێژووی تۆپی پێدا ماوەتەوە و دەنگدانەوەیەکی بێوێنەی لە تەواوی جیهاندا دروست کرد.

پەشیمانم لەو بڕیارە


نۆ ساڵ پێش ئێستا و لە رۆژێکی وەکو ئەمرۆدا، یانەی پاریس سانجێرمانی فەڕەنسی گواستنەوەی نەیمار دا سیلڤای لە بەرشلۆنەوە بۆ ڕیزەکانی ڕاگەیاند، کە گرێبەستەکەی بە بەهای 222 ملیۆن یۆرۆ بوو و بووە گرانترین گرێبەستی مێژوو.
نەیمار بەم هەنگاوەی هاندەرانی بەرشلۆنەی شۆککرد، گەرچی ئەمە یەکێکە لەو بڕیارانەی کە یاریزانە بەرازیلییەکە بە دەمی خۆی دەڵێت "پەشیمانم لێی"
ئەوکاتە نەیمار لە بەرشلۆنە بە شازادەکەی تۆپی پێ ناسرابوو، هەموو مانشێتی رۆژنامەکان باسیان لە ئاستە بەرزەکەی و کاریگەرییەکەی دەکرد، نەیمار لەگەڵ لیۆ مێسی و سوارێز نازناوی سیانەی یەکێک لە بەهێزترین هێڵی هێرشبەریان هەبوو.
هەر لەو ساڵەدا لیۆ مێسی یەکێک بوو لە نزیکترین هاوڕێکانی نەیمار، ئەو یەکێک بوو لەوانەی زۆر هەوڵیدا پەشیمانی بکاتەوە کە نەڕوات، وەکو نەیمار خۆی گوتی، دەبووایە بە قسەی میسیم بکردابا کە لە بەرشلۆنە خۆم جێگیرکردبایە، چونکە دەمتوانی باڵۆندۆر و لەوانەشە مۆندیالم بەدەستبهێنایە.

دوایین سەما لەگەڵ سامبا


نەیمار لە پاریس بەهەمان شێوە درێخی نەکرد لە پێشکەشکردنی ئاستێکی بەرز، بەڵام بابەتی پارە و پێکانە سەختەکان کاروانی وەرزشی ئەم کوڕەی گۆڕی.
دوای پاریس ئەم ئەستێرە بەڕازیلییە نەچووە یانەیەک کە تیایدا وەکو سەردەمی بەرشلۆنە بدرەوشێتەوە، پێکانە سەختەکانیشی هێندەی دیکە ئاستی گۆڕی و بەرەو خراپتر چوو.
پێش مۆندیالی 2026، نەیمار زۆری هەوڵدا بگەڕێتەوە فۆڕمی جارانی، هەتاوەکو بتوانێت متمانەی ڕاهێنەر بەدەستبهێنێت و لەگەڵ سامبا دوایین سەمای خۆی بکات و مۆندیال بباتەوە، بەڵام خەونی مۆندیال و باڵۆندۆریش بۆ نەی چووە ژێر گۆرەوە، گەرچی لە مێژووی تۆپی پێ هەر بە شازادەکەی تۆپی پێ دەناسرێتەوە.

مەستان حوسامەدین

1 کاتژمێر پێش ئێستا