پلاتەر داوا دەکات خانمێک بکرێتە سەرۆکی فیفا
پوختەی هەواڵ:
- سێپ پلاتەر سەرۆکی پێشووی فیفا داوا دەکات ژنێک بکرێتە سەرۆکی فیدراسیۆنەکە.
- پلاتەر، لیز کلاڤینیس، سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی نەرویج و یاریزانی پێشووی پێشنیاز کردووە.
- ئەم داواکارییە دوای بڕیارە هەڵەکانی جیانی ئینفانتینۆ سەرۆکی ئێستای فیفا دێت کە بە نیاز بوو پشکەکانی مۆندیال بفرۆشێت.
جۆزێف پلاتەر، سەرۆکی پێشووی یەکێتیی تۆپی پێی جیهان (فیفا)، داوا لە ناوەندە وەرزشییەکانی جیهان دەکات ژنێک پۆستی سەرۆکایەتی فیفا وەربگرێت، بۆ ئەم مەبەستەش لیز کلاڤینیسی پێشنیاز کردووە.
پلاتەر لە هەژماری خۆی لە پلاتفۆرمی "ئێکس" نووسیویەتی: "لیز کلاڤینیس شایستەی بەرزترین ئاستی ڕێزگرتنە، ئەو تەنیا کەس بوو کە هەمیشە هەڵوێستێکی ڕوونی هەبوو و لەگەڵ ڕەوتی باودا نەدەڕۆیشت. لە فیفاشدا، ئێستا کاتێکی گونجاوە بۆ ئەوەی ژنێک ڕێبەرایەتی بگرێتە دەست."
کلاڤینیس کێیە؟
کلاڤینیس کە یاریزانێکی پێشووی تۆپی پێیە، لە ئێستادا پۆستی سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی نەرویج بەڕێوەدەبات.

ساڵی ڕابردوو ناوبانگی زۆری پەیدا کرد دوای ئەوەی بە ئاشکرا داوای دوورخستنەوەی ئیسرائیلی کرد لە چالاکییە نێودەوڵەتییەکانی تۆپی پێ، بەهۆی ململانێکانی ئەو وڵاتە لەگەڵ بزووتنەوەی حەماس لە غەززە.
لێدوانەکانی پلاتەر هاوکاتە لەگەڵ شەپۆلێک لە ڕەخنەی توند کە ئاراستەی جیانی ئینفانتینۆ، سەرۆکی ئێستای فیفا کراون، ئەمەش دوای ئەوەی هەفتەی ڕابردوو پلانێکی ئاشکرا کرد بۆ فرۆشتنی مافەکانی پەخشی مۆندیال بە وەبەرهێنانی کەرتی تایبەت، بەڵام دواتر و دوای ناڕەزایەتی و هەڕەشەی یەکێتیی تۆپی پێی ئەورووپا (یوێفا) بۆ بایکۆتکردنی مۆندیال، سەرۆکی فیفا ناچار بوو پاشەکشە لە پێشنیازەکەی بکات.
1 کاتژمێر پێش ئێستا