ئەلێکس ئیالا نازناوی واشنتۆنی بەدەست هێنا
پوختەی هەواڵ:
- ئەلێکساندرا ئیالا نازناوی پاڵەوانێتیی واشنتۆنی بردەوە و بووە یەکەم فلیپینی نازناوێکی تاکەکەسی لە پاڵەوانێتییەکانی WTA دەستبەر بکات
- ئیالای تەمەن 21 ساڵ لە یاریی کۆتاییدا لە جێسیکا پیگۆلای بردەوە، لە قۆناغەکانی پێشووشدا لە چەندین ئەستێرەی وەک ئۆساکا و سڤیتۆلینای بردبووەوە.
- سەرکەوتنەکەی ئیالا دەنگدانەوەی گەورەی هەبوو، هاندەرانی فلیپین هۆڵەکەیان پڕ کردبوو، بە جۆرێک پیگۆلای ڕکابەریشی ستایشی ئەو پاڵپشتییەی کرد.
- ئیالا خۆی بۆ بەشداریکردن لە پاڵەوانێتی کەنەدا لە تۆرنتۆ و پاشان پاڵەوانێتی کراوەی ئەمریکا ئامادە دەکات.
کەمن ئەو یاریزانە گەنجانەی تێنسی سەرزەوی خانمان کە وەک ئەلێکساندرا ئیالا ڕووبەڕووی بەرزترین ئاستی چاوەڕوانی و پاڵپشتی بووبنەوە، ئەم تێنسزانە فلیپینی یە بە بردنەوەی نازناوی پاڵەوانێتی کراوەی واشنتۆن سەلماندی کە شایستەی پێگەیەکی جیهانیی بەرزە.
لە گەورەکانی بردەوە
ئیالا بە سەرکەوتنی بەسەر جێسیکا پیگۆلای یەکەمی ڕیزبەندیی خانمان بە ئەنجامی 4 - 6، 6 - 4، 6 - 0 بووە یەکەم یاریزانی فلیپینی نازناوێکی تاکەکەسی تێنسی سەر زەوی بباتەوە.
لە ڕێگەیدا بەرەو نازناوەکە، ئەم یاریزانە تەمەن 21 ساڵە لە ژانگ چین ون (پاڵەوانی ئۆڵۆمپیاد)، لیلا فێرناندێز، ئێلینا سڤیتۆلینا و ناومی ئۆساکای بردەوە، کە ئەمەش دەیکاتە ڕکابەرێکی سەخت بۆ پاڵەوانێتی داهاتووی کراوەی ئەمریکا.
ئیالا ڕایگەیاند: "ئەمە دەستکەوتێکی مەزنە. هیچ کات بیرم لەوە نەدەکردەوە پێگەیەکی هێندە گەورە بگرم، لە سەرەتاوە تا کۆتایی بەردەوام باش بووم، ئەمەش بڕوا بە خۆبوونێکی گەورەم پێ دەبەخشێت."
1 کاتژمێر پێش ئێستا