ئیسرائیل چاوەڕوانى ئازادکردنی بارمتەکانە

بەشێک لە سوپاى ئیسرائیل چاوەڕوانى ئاڵوگۆڕى بارمتەکانن
فۆتۆ - AFP
بەشێک لە سوپاى ئیسرائیل چاوەڕوانى ئاڵوگۆڕى بارمتەکانن فۆتۆ - AFP

ئیسرائیل چاوەڕوانى ئازادکردنی ئەو ژن و منداڵە بارمتانەیە کە لە هێرشەکەی حەماس لە 7ی تشرینى یەکەمەوە دەستگیرکران و بردراوونەتە کەرتی غەززە.

بە گوێرەی ئاژانسی فرانس پرێس، بڕیارە کاروانی یەکەمی بارمتەکان کە 13 ژن و منداڵ لەخۆدەگرێت، کاتژمێر 16:00 بە کاتی ناوەندی ئەمریکا ئازادبکرێن، دواتریش ژمارەیەک زیندانی فەڵەستینی، لەلایەن ئیسرائیلەوە ئازادبکرێن.

زیڤ ئاگمۆن، راوێژکاری یاسایی نوسینگەی بنیامین نەتانیاهو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بۆ رۆژنامەنووسانی پشتڕاستکردەوە، ئیسرائیل "پابەند دەبێت بەو رێککەوتنە" ئاماژەی بەوەشکرد "مامەڵەکردن لەگەڵ رێکخراوێکی تیرۆریستی وەک حەماس مەحاڵە".

ئەمڕۆ هەینی، 24ى تشرینى دووەمى 2023، ئاگربەستی چوار رۆژە لەنێوان ئیسرائیل و حەماس کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە، ئەمەش یەکەم ئاگربەستە لە دوای دەستپێکردنی شەڕەوە کە 15 هەزار کەس تێیدا کوژران.

حەماس لە 7ى تشرینى یەکەم، هێرشیکردە سەر ئیسرائیل، بەگوێرەی گوتەی کاربەدەستانی ئیسرائیل، هەزار و 200 کەس کوژران، کە زۆربەیان خەڵکی سڤیل بوون.

سوپاى ئیسرائیل دەڵێت، لەدواى هێرشەکانى حەماسەوە، نزیکەى 240 کەس لەلایەن حەماس و گروپە چەکدارەکانى کەرتى غەززەوە، وەکو بارمتە دەستبەسەرکراوون.

بڕیارە ئاگمۆن، بەشێوەی تاک یان گروپ، پێشوازیی لە بارمتەکان بکات و بیانباتە  سەر سنوور، بۆ ئەوەی رادەستی سوپای ئیسرائیل بکرێنەوە.